شارپرێس:
لەکاتێکدا ئیدارەی ئەمریکا هەوڵی دەسپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دەدات، ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، تاران مەرجی بۆ شێوازی وتووێژەکانو ئەوکەسانە هەیە کە نوێنەرایەتی ترەمپ دەکەن.
بهگوێرهى سەرچاوە هەرێمییەکان بۆ CNN، ئێران لەڕێگەی کەناڵە ناڕەسمییەکانەوە بەواشنتۆنی ڕاگەیاندوە، ئامادەنییە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف (نێردەی تایبەتی ترەمپ)و جارید کۆشنەر (زاوای ترەمپ) کۆببێتەوە، هۆکاری ئەمەش بۆ نەمانی متمانە دەگەڕێتەوە، چونکە تاران پێیوایە ئەو دوو کەسە سیاسەتێکی توند بەرامبەر ئێران پەیڕەو دەکەن کە لەبەرژەوەندی ئیسرائیلدایە.
ئێران ئارەزوی خۆی نیشانداوە کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ جی دی فانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا مامەڵە بکاتو تاران پێیوایە، فانس دیدگایەکی جیاوازی هەیەو زیاتر مەیلی بۆ کۆتاییهێنان بەململانێیە چەکدارییەکان هەیەو نایەوێت ئەمریکا تێوەگلانی زیاتری هەبێت لەشەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئیدارەی ترەمپ ئەو داواکارییەی ئێرانی بەجۆرێک لە"پرۆپاگەندەی دەرەکی" وەسفکردوە، لهو ڕوهشهوه کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی جەختیکردوەتەوە، تەنها سەرۆک ترەمپ بڕیار دەدات کێ نوێنەرایەتی ئەمریکا بکات لەدانوستانەکانداو تیمەکەی (کە پێکهاتون لەویتکۆف، کۆشنەر، ڕوبیۆو فانس) بەیەکگرتویی کاردەکەن.
سەرەڕای ئەم ناکۆکییانە لەسەر "کەسایەتییەکان"، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندوە، دانوستانەکان بەردەوامنو ئامانج لێی گەیشتنە بەڕێککەوتنێکی نوێ کە کۆتایی بەدوژمنایەتییەکان بهێنێت.
ئێران هەوڵدەدات لەڕێگەی دەستنیشانکردنی لایەنی وتوێژکارەوە، فشاربخاتەسەر واشنتۆن بۆ ئەوەی ڕێڕەوی دانوستانەکان بەو ئاراستەیە ببات کە کەمترین کاریگەری لایەنگرانی ئیسرائیلی لەسەربێت، بەڵام واشنتۆن تائێستا سورە لەسەرئەوەی کە تاران ناتوانێت بڕیار لەسەر تیمی دیپلۆماسی ئەمریکا بدات.
