براكەی لاریجانی هاتەدەنگ.. دانوستاندن ڕەتدەكاتەوەو داوای ڕاگرتنی قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمیش دەكات

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 620 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
براكەی عەلی لاریجانی لەپەیامێكی زۆر توندا ڕایدەگەیەنێت، پێویستیان دانوستاندن نیەو داواش دەكات، پەیماننامەی قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمی ڕابگیرێت.


محەممەد جەواد لاریجانی، سیاسەتمەداری ديارى ئێران و پسپۆڕی کاروباری نێودەوڵەتی و برای عەلی لاریجانی، سكرتێری پیشوی ئەنجومەنی نیشتیمانی وڵاتەكە ڕایگەیاند، چیتر پێویستمان بەدانوستان دەربارەی دۆسیەی ئەتۆمی و موشەکی نییەو وتیشی، بێگومان من ئەو کاتەش دژی ئەم جۆرە دانوستانە بوم و دەمگوت ئەم بابەتە پەیوەندی بەئەوانەوە نییە".

جەختیش دەكاتەوە، كە دانوستاندنی ئەتۆمی پەیوەندی بەو کاتەوە هەبوو کە دەمانویست دابنیشین بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکەین نەك ئێستا كە جەنگەكە دەستیپێكردوە".

داواش دەكات كە لیژنەیەک پێکبهێنرێت و ببینن ڕێككەوتننامەی قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمی چ سودێکی هەیەو دەڵێت،" ئەگەر ڕێککەوتنەکە بەکەڵکمان هات بۆی دەگەڕێینەوە، ئەگەر سودی بۆ ئێمە نەبوو پەیماننامەکە پێشکەشی خۆیان بێت".

ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمریكا هەوڵی دەستپێكردنەوەی دانوستاندنەكان لەگەڵ ئێران دەدات و ئێرانیش تائێستا بەفەرمی بەدانوستاندن ڕازی نیەو بەهەموو شێوەیەك ڕەتیدەكاتەوە.