شارپرێس:
بەگوێرەی هەوڵێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز، كەهارون ئەرمەغان، جێگری سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاندوە، توركیا ڕۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت بۆ گەیاندنی پەیامی ئێران و ئەمریكا بەیەكدی و شكاندنی بەربەستی بێدەنگی نێوانیان.
هارون ئەرمەغان جێگری سەرۆکی کاروباری دەرەوەی پارتی دادو گەشەپێدانی تورکیا بەئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە، تورکیا ڕۆڵی هەیە لەگەیاندنی پەیامەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ هاندانی هێورکردنەوەی گرژییەکان و ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەوخۆ.
ئەرمەغان وتوشیەتی،"ئەو پەیامانەش بۆ وڵاتانی کەنداو دەگوازرێنەوە کە خۆیان لەناوەڕاستی ئەو شەڕە ناوچەییەدا دەبیننەوە کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران هەڵگیرساوە.
هاوكات، پێشتریش، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەهەموو توانایەکەوە بەردەوام دەبێت لەکارکردن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی.
هەروەها، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە ئەنقەرە ئامۆژگاری دۆستانە دەدات بەتاران بۆ ئەوەی خۆی لەفراوانبونی شەڕ دوربخاتەوەو هەروەها لەگەڵ واشنتۆن لەپەیوەندیدایە بۆ تێگەیشتن لەهەڵوێستی هەردولا.
ئاژانسەكە ئەوەشی خستۆتەڕوو، كەسەرچاوەیەکی دیپلۆماتکاری تورکیا ڕۆژی یەکشەممە ئاشكرایكردوە، كە هاكان فیدان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکاو وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس ئەراغچی و چەند کەسێکی دیکە گفتوگۆی کردوە بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی کۆتاییهێنان بەشەڕ.
ئەمە لەكاتێكدایە، تائەمڕۆش ئێران ڕەتیدەكاتەوە، كە لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاست بکاتەوە کە واشنتن وتوێژ دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ.