عێراق هێزە چەکدارەکانی بۆ وەڵامدانەوەی خێرا ڕادەسپێرێت.. سەروەری لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 96 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەوەرچەرخانێکی مەترسیداردا بۆ دۆخی ئەمنی‌و سیاسیی ناوچەکە، حکومەتی عێراق بڕیارێکی توندو یەکلاکەرەوەی دژ بەو هێرشانە دەرکرد کە دەکرێنەسەر خاکەکەی، ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، بەفەرمی حەشدی شەعبی‌و دەزگا ئەمنییەکانی دیكه‌ى سەرپشککرد بۆ پیادەکردنی مافی وەڵامدانەوەو بەرگریی لەخۆكردن لەبەرامبەر هەر دەستدرێژییەکی سەربازیی.


پەیامێکی ڕون بۆ واشنتۆن‌و تەلئەبیب
ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک هێرشی خوێناوی دێت کە کرانەسەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی‌و بەهێرشی ئەمریکی‌و ئیسرائیلی لەقەڵەمدران، حکومەتی عێراق بەم هەنگاوە دەیسەلمێنێت کە چیتر ناتوانێت لەئاست بەئامانجگرتنی دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکانی بێدەنگ بێت، بەتایبەت کە حەشد ئێستا بەشێکی دانەبڕاوە لەکۆمەڵەی هێزە چەکدارەکانی عێراق.

سەرۆک وەزیران‌و هێڵی سور
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران‌و هاوكات فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق، بەڕاشکاوی ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەتێکدانی سەقامگیریی‌و بەزاندنی سەروەریی وڵات.

بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش تەنها وەڵامدانەوەی سەربازیی ناگرێتەوە، بەڵکو فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو لایەنانەش دەرکردوە کە تێوەگلاون لەهێرشکردنەسەر نێردە دیپلۆماسییەکان‌و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیان، ئەمەش نیشانەیەکە بۆ هەوڵی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی هاوکێشە ئاڵۆزەکە لەناوەوەو دەرەوە.

عێراق لەنێوان بەرداشی ململانێکاندا
لەکاتێکدا حەشدی شەعبی گروپە نەیارەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لەخۆدەگرێت، ئەم بڕیارە نوێیە دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لەڕوبەڕوبونەوە، ئایا عێراق دەبێتە گۆڕەپانی جەنگێکی کراوە؟ یان ئەم بڕیارە وەک فشارێکی سیاسی بەکاردێت بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان؟

ئەوەی ئێستا ڕونە، ئەوەیە کە بەغدا بڕیاریداوە بەرگریی بکاتە زمانی قسەکردن‌و چیتر سەروەریی عێراق تەنها وشەیەکی سەر کاغەز نییە، بەڵکو فەرمانێکی سەربازییە بۆ وەڵامدانەوە لەهەرکات‌و شوێنێکدا.