شارپرێس:
بەهۆی پێشبینییەکان بۆ زیادبونی ئاستی دابارین لە دوو
رۆژی داهاتودا، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی داوا لە هاوڵاتییان و شۆفێران دەکات
سبەی و دووسەبەی لەدەرەوەی شارەکان شۆفێری نەکەن و نەچنە سەیرانگاکان.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لەئاگادارییەکەیدا
ئاماژەی بەوەکردوە،" بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم رۆژانی
چوارشەممە و پێنج شەممە و هەینی ئەگەری بونی لێزمەبارینی چڕ و بەخوڕ و تەرزە لە هەندێک
جێگاو هەورەتریشقە و بەرزبوونی ئاستی ئاوی باران لە چەندین جێگادا ".
ئەوەشیخستەڕوو،" باشتر و سەلامەت تر وایە شۆفێران خۆیان
بەدوربگرن لە شۆفێریکردن لە ڕێگاوبانەکانی دەرەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی
هەرێمی کوردستان و ڕوو نەکەنە ناوچەکانی سەیرانگاکان و شاخاوییەکان ".
هاتوچۆی سلێمانی باس لەوەشدەکات،" لەم کات و وەرزەدا
کەش و هەوا هەمیشە ئەگەری گۆڕانکاری بەپەلە و خێرای دەبێت، وە باشتر وایە هاونیشتیمانیان
بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی شۆفێری و گەشت و سەیران بکەن، وە بۆ هەرحاڵەتێکی
هاوشێوە، ڕاگەیاندنەکانی هاتووچۆی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستاندا هۆشیاری پێویست
بڵاو دەکەنەوە ".