شارپرێس:
لەپێشهاتێکی سەربازیی مەترسیدارو دەگمەندا، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرایدەکەن، سوپای ئەمریکا جۆرە مینێکی دژە تانکی پێشکەوتوی لەگوندێکی نیشتەجێبونی نزیک شاری شیراز لەباشوری ئێران بڵاوکردوەتەوە كه سهرهنجام بوەتە هۆی کوژرانو برینداربونی چەندین هاوڵاتی سڤیل.
ڕاپۆرتێکی گروپی لێکۆڵینەوەی بێلینگکات ئاماژه بهوهدهكات، بهگوێرهى ئەو وێنانەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانو میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، جۆرە مینێکی ئەمریکی نیشاندەدەن بەناوی BLU-91/B. ئەم مینانە لەڕێگەی سیستەمی (گیتۆر - Gator)ی ئاسمانییەوە فڕێدراونەتە خوارەوەو لەدەوروبەری گوندی (کافەری) کەوتونەتەسەر زەوی.
شایەتحاڵەکان باس لەوەدەکەن، پارچە تەقەمەنییەکان کەمێک لەقوتویەکی تونا گەورەترن، هەربۆیە بەشێک لەهاوڵاتیان لەنائاگاییدا دەستکارییانکردونو سهرهنجامیش بوەتە هۆی تەقینەوەو قوربانیشى لێکەوتوەتەوە.
لهوبارهیهوه ڕیچارد وێر شارەزای چەک لەڕێکخراوی (چاودێری مافەکانی مرۆڤ ـ Human Rights Watch) هۆشداریی توند دەداتو دەڵێت، "هەرچەندە بۆ تانک دروستکراون، بەڵام هەر جوڵەیەکی موگناتیسی یان دەستکاریکردنێک دەبێتە هۆی تەقینەوەی خێرا، ئەم مینانە سیستەمی خۆتەقاندنەوەیان تێدایە کە ڕەنگە دوای چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک بەشێوەیەکی لەناکاو بتەقنەوە، ئەمەش ترسو دڵەڕاوکێیەکی بەردەوام بۆ دانیشتوان دروستدەکات، ههروهها ئەمریکا لەدوای ساڵی 1991وه بەمشێوەیە مینی دژە تانکی بەکارنەهێناوە، ئەمەش نیشانەی توندبونەوەی بێوێنەی ململانێکانە".
شارەزایان پێیانوایە، ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئەم مینانە لەو ناوچەیە، پەکخستنی جوڵەی موشەکە بالیستییەکانی ئێران بوە لەبنکە ژێرزەمینییەکانی شیراز (ناسراو بەشارە موشەکییەکان)، بۆ ئەوەی ڕێگریی بکەن لەگواستنەوەیان بۆ شوێنی هەڵدان.
تائێستا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتكۆم ـ CENTCOM) بێدەنگی هەڵبژاردوەو ئامادەنییە هیچ لێدوانێک لەسەر بەکارهێنانی ئەو مینانه بدات، لەبەرامبەردا، ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشداریدەدەن، پاشماوەی ئەو مینانە بۆ چەندین ساڵ مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی سڤیل لەو ناوچەیە دروستدەکەن.
