له‌باره‌ی باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ په‌یامێكی به‌په‌له‌ ئاراسته‌ی حكومه‌ت ده‌كرێت

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1027 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ زیادبونی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکەو بەردەوامیی مەترسییەکانی بۆردومانی ئاسمانی، جەمال کەربولی سەرۆکی حزبی (حەل)، داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی حکومەت دەکات بۆ دورخستنەوەی بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەناوشارو گەڕەکەکان، ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی.


کەربولی لەڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لەسۆشیاڵ میدیا ئاماژەی بەوەکردوە، بەهۆی بونی بارەگا سەربازییەکان لەناوشارەکاندا، هاوڵاتیان‌و منداڵان‌و کەسانی بەتەمەن کەوتونەتە ژێر ترس‌و دڵەڕاوکێی بەردەوام بەهۆی دەنگی تەقینەوەو بۆردومانەکان، پێشیوایە، "ئەم دۆخە بوەتە مەینەتییەکی مرۆیی کە پێویستە دەستبەجێ سنورێکی بۆ دابنرێت".

سەرۆکی حزبی حەل جەختیکردەوە، شوێنی ڕاستەقینەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەبێت لەسەر سنورەکانی وڵات بێت بۆ پاراستنی نیشتمان، نەک لەناو جەرگەی شارەکاندا، داواشیکرد، هێزەکانی سوپاو پۆلیس وەک جێگرەوەیەک ئەرکی پاراستنی ناوخۆی شارەکان بگرنە ئەستۆ.

ئەم داوایەی کەربولی لەکاتێکدایە، چەندینجار داواکاری هاوشێوە لەلایەن لایەنە سیاسییە جیاوازەکانەوە بەرزکراوەتەوە، بەئامانجی دورخستنەوەی مەترسییەکانی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی لەژیانی ڕۆژانەی خەڵک‌و گواستنەوەی هێزە چەکدارەکان بۆ دەرەوەی ناوچە ئاوەدانەکان.