ڕاوێژكارى هۆزى جبور: خیانه‌تى به‌شێك له‌شه‌ڕڤانه‌ عه‌ره‌به‌كان له‌هه‌سه‌ده‌ په‌یوه‌ندیه‌كانى كوردو عه‌ره‌بى لاوازكردوه‌

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 10534 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس - کەنداڵ جودی:
ئەکرەم مەحشوش یەکێک لەپیاوماقوڵان‌و ڕیشسپییانی هۆزى عه‌ره‌بیى (جبور) لەڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، ئەو هێرشانەی دوای ڕوداوەکەی کۆبانێ کرانەسەر کوردان، لەدەرەوەی سوریاوە پلانیان بۆ داڕێژراوە، ده‌شڵێت، "بەداخەوە هەندێک شەڕڤانی عەرەبی ناو هەسەدە، خیانەتیان لەهەسەدەو بەڕێوەبەریی خۆسەر کرد، ئه‌وه‌ش بوه‌ته‌ هۆكارى لاوازبونى په‌یوه‌ندیه‌كانى كوردو عه‌ره‌ب له‌سوریادا".


لەڕۆژی نەورۆزدا، دوای ئەوەی گەنجێکی کورد ئاڵای دەوڵەتی سوریای هێنایە خوارەوە، لە(عەفرین، عەزازو حەلەب) هێرشێکی ڕەگەزپەرستانە دژ بەکوردان ئەنجامدرا کە لەئەنجامدا ئاڵۆزییەکی گەورە لەسوریادا دروستبوو.

سەبارەت بەو بابەتە، ئەکرەم مەحشوش، ڕاوێژکاری هۆزی عەرەبی (ئەلجبور)و سەرۆکی ڕیشسپیانى ئه‌و هۆزه‌ له‌ناوچەی حەسەکە، لەسەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەئاهەنگەکانی نەورۆز کردو وتی، "پیرۆزکردنی نەورۆزی ئەمساڵ سەرەڕای ئەو کێشانەی دروستبون، مێژویی بون‌و پێشتر هەرگیز بەو شێوەیە لەسوریا یادنه‌كراوه‌ته‌وه‌".

مەحشوش تیشکیخستەسەر ڕوداوی داگرتنی ئاڵای سوریا لەکۆبانێ‌و وتی، "ئەوەی لەکۆبانێ ڕویدا، ڕوداوێکی تاکەکەسی بوو، بەڵام بەداخەوە کەسانی دژەخێرو ڕەگەزپەرست، ئەم ڕوداوەیان وەک بیانوو بەکارهێناو هێرشیانکردەسەر کوردانی (عەفرین، عەزازو دەوروبەری کۆبانێ)، ڕەگەزپەرستە عەرەبەکان ویستیان ئەوکارە لەتەواوی سوریا ئەنجامبدەن‌و بیگوازنەوە بۆ ناوچەی جەزیرەش، بەڵام هەوڵەکەیان شکستیهێنا، هۆکاری ئەوەش یەکگرتویی پێکهاتەکان بوو لەناوچەی جەزیرە".

لەوەڵامی پرسیاری شارپرێسدا کە ئایا ئەو هێرشانە خۆبەخۆ بون یان بەئەنەست بۆ دروستکردنی شه‌ڕى کوردی-عەرەبی بوو؟ مەحشوش نه‌یشارده‌وه‌، "ئەو ڕوداوو هێرشانەی ڕودەدەن خۆبەخۆ نین، بەپێچەوانەوە هەموو هێرشەکان لەدەرەوەی سوریاو هەندێکیشیان لەناوخۆی سوریاوە بەڕێوەدەبرێن‌و ڕێکدەخرێن".

له‌باره‌ى پەیوەندیی نێوان کوردو عەرەب لەسوریا مەحشوش ڕاشكاوانه‌ وتى، "پەیوەندییەکانی کوردو عەرەب پێشتر زۆر بەهێزبون، بەڵام دوای هێرشەکانی دیمه‌شق بۆسەر ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر، ئەم پەیوەندییانە کەمێک لاوازبون‌و هەندێک ئەندامی عەرەب لەناو هەسەدە خیانەتیان لەهەسەدەو بەڕێوەبەریی خۆسەر کرد، ئەم خیانەتەش لەدەرەوەی سوریاوە پلانی بۆ داڕێژرابوو تا کوردو عەرەب لەیەک داببڕن‌و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی تێکبدەن".

لەکۆتاییدا، ڕاوێژكارى هۆزی ئەلجبور ئاماژەی بەو هەوڵانە کرد کە ئێستا بۆ ڕێگریکردن لەفیتنە دەدرێن‌و جه‌ختیكرده‌وه‌، "پەیوەندیی کوردو عەرەب مێژوییە، بۆیە ئێمە وەک عەشیرەتەکانی ناوچەکە کاردەکەین تا هەمومان دژ بەفیتنە بوەستینەوەو ڕێگەنەدەین شەڕی ناوخۆ لەنێوان کوردو عەرەبدا ڕوبدات، لەم چوارچێوەیەشدا، بەیاننامەی پێویست بڵاودەکرێتەوە".