میدیای ئیسرائیل: ئیمارات بەهەنگاوێک گورزێکی گەورە لە ئابووریی ئێران دەدات

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2901 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی "i24NEWS"ی ئیسرائیلی، کاتی دانبەخۆداگرتنی وڵاتانی کەنداو بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت و لەو چوارچێوەیەشدا ئیمارات هەنگاوێکی گەورە بۆ لێدانی بنکە داراییەکانی ئەو وڵاتە دەستپێپێدەکات.

 
 بەرپرسێکی باڵا لە ئەبوزەبی بە کەناڵە عیبرییەکەی راگەیاندووە کە پاکێجێکی پڕ لە سوپرایز بۆ لەناوبردنی ئیمپراتۆریەتە داراییەکەی ئێران ئامادە کراوە کە زیانی ملیاران دۆلاری لێدەکەوێتەوە.

ئەوەش هاتووە: تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 ڤیزای نیشتەجێبوون هەڵوەشێنراوەتەوە و چەندین بانک و هەژماری بانکی داخراون، لەگەڵ بلۆککردنی بڕە پارەیەکی زۆر و داخستنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و یانە ئێرانییەکان.

دەشڵێت:  ئامانجی ئەم هەنگاوانە بڕینی دەستی ئێرانە لە دراوی بیانی و تێکدانی ئەو پردانەیە کە ئێرانییەکان بۆ بازرگانیی جیهانی بەکاری دەهێنن.

 سەرەڕای ئەوەی ئیمارات درک بە مەترسییەکانی ئەم بڕیارە دەکات و ئەگەری هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی و وەڵامدانەوەی توندی ئێران هەیە، بەڵام سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم سزایە ئابوورییە قورسە.