ئەو دەستەی واژۆی مەرگی هەزاران كه‌سى له‌ئێران‌و ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان دەکرد لەماڵەکەی خۆیدا له‌تاران كوژرا

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3204 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەو پیاوەی بۆ چەندین دەیە واژۆی لەسەر پەتی سێدارەی نەیارانی کۆماری ئیسلامی دەکرد، دواجار مەرگ لەژوری نوستنەکەی خۆیدا یەخەیگرت؛ غوڵام حوسێن موحسنی ئەژەیی، سێبەری ترسناکی دەزگای دادوەریی ئێران، لەناو جەرگەی تاراندا کۆتایی بەژیانە پڕ لەململانێیەکەی هات.


پیاوی سێبەرەکان
لەنێوان دیوارە بەرزەکانی دادگاکانی ئێران‌و ژورە تاریکەکانی وەزارەتی هەواڵگریدا، ناوێک هەبوو کە هەمیشە ترسی دەخستە دڵی نەیارانەوە، غوڵام حوسێن موحسنی ئەژەیی، ئەو پیاوەی کە لەگوندێکی بچوکی ئەسفەهانەوە هات‌و بوو بەیەکێک لەپایە هەرە بەهێزەکانی کۆماری ئیسلامی، ژیانی لێوانلێوبوو لەبڕیاری قورس‌و دژه‌ مرۆیى‌و ململانێی خوێناوی.

قۆناغی دەسەڵات.. قازییەک بەشمشێری تۆڵەوە
ئەژەیی تەنها دادوەرێک نەبوو، بەڵکو ئەندازیاری زۆرێک لەو سزایانە بوو کە جیهانی ده‌ژهەژاند، لەوەزارەتی هەواڵگرییەوە تا سەرۆکایەتی دەزگای دادوەریی، ئەو وەک پیاوی ئاسنینی خامنەیی دەناسرا، نەیارەکانی بەوە تۆمەتباریان دەکرد کە هیچ بەزەیییەکی بەرامبەر ناڕەزایەتییەکان نەبوە، بەتایبەت لەدوایین شەپۆلی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کە واژۆی ئەو لەسەر زۆرێک لەپەتی سێدارەکان بوو.

کۆتاییە چاوەڕواننەکراوەکە.. نێچیرێک لەناو ماڵەکەی خۆیدا
هەواڵەکان وەک هەورەبروسکە بڵاوبونەوەو ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد، سەرۆکی دەزگای دادوەری لەماڵەکەی خۆیدا کوژرا، ئەمە ئەو مانشێتە بوو کە میدیا جیهانی‌و ئیسرائیلییەکان بڵاویانكرده‌وه‌، بۆ پیاوێک کە هەموو تەمەنی لەناو پاسەوان‌و تەمومژی تەناهیدا بەسەربردبوو، کوژرانی لەناو جەرگەی تاراندا، نەک تەنها کۆتایی ژیانی بوو، بەڵکو درزێکی گەورەبوو لەشکۆو هەیبەتی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران.

کاریگەریی‌و پاشخان
مەرگی ئەژەیی (ئەگەر بەفەرمی پشتڕاست بکرێتەوە، چونكه‌ تائێستا كۆمارى ئیسلامى‌و سوپاى پاسداران هیچیان له‌باره‌وه‌ نه‌وتوه‌) تەنها نەمانی بەرپرسێک نییە، بەڵکو کەوتنی کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سیستەمێکە کە ساڵانێکی زۆرە لەسەر لێواری تەقینەوەیە، ئەو پیاوەی هەزاران کەسی له‌ئێران‌و ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ڕەوانەی زیندان‌و سێدارەو مه‌رگ کرد، دواجار خۆی بوو بەقوربانی ئەو شەڕەى کە لەنێوان تاران‌و تەلئەبیب‌و ئه‌مریكا بەڕێوەدەچێت.

ئەژەیی ڕۆیشت، بەڵام ئەو میراتە دادوەریی‌و سیاسییەی جێیهێشت، بۆ ماوەیەکی درێژ لەیادەوەری خەڵکی ئێران‌و ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا دەمێنێتەوە، پیاوێک کە بەمەرگی کەسانی دیكه‌ ناوبانگی دەرکرد، دواجار مەرگی خۆی بوو بەگەورەترین هەواڵی جیهان.

بایۆگرافیایه‌ك له‌ژیانى حوسێن موحسنی ئەژەیی:
لەساڵی 1956 لەگوندی (ئەژەی) سەر بەپارێزگای ئەسفەهان لەدایکبوە، لەقوتابخانەی (حەقانی) لەقوم خوێندویەتی کە ناوەندێکی سەرەکییە بۆ پێگەیاندنی کاربەدەستە توندڕەوەکانی کۆماری ئیسلامی، خاوەنی پلەی ئایەتوڵڵایەو یەکێکبوو لەکەسایەتییە نزیکەکانی عەلی خامنەیی.

ئەژەیی لەچەندین پۆستی هەستیاری ئه‌منیى‌و دادوەریدا کاریکردوە، وەزیری هەواڵگری (2005 تا 2009) لەسەردەمی سەرۆکایەتی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، داواکاری گشتیی ئێران (2009 تا 2014)، هه‌روه‌ها جێگری یەکەمی سەرۆکی دەزگای دادوەری (2014 تا 2021)، سەرۆکی دەزگای دادوەریی (2021 تائێستا).

ئەژەیی بەهۆی توندوتیژیی‌و دەرکردنی سزای قورس ناسراوەو بەیەکێک لەو کەسایەتییانە دادەنرێت کە زۆرترین سزای لەسێدارەدانی بۆ خۆپیشاندەران دەرکردوە، بەتایبەت لەخۆپیشاندانەکانی ساڵانی 2025و 2026، لەئاداری ئه‌مساڵدا، داوای سزای خێراو توندی بۆ دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان کرد، هاوكات بەهۆی تێوەگلانی لەسەرکوتکردنی خەڵک‌و پێشێلکردنی مافه‌كانى مرۆڤ، لەلیستی سزاکانی ئەمریکاو یەکێتیی ئەوروپادابوو.