شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز" ئاشکرایکردوە، ئێران جەنگێکی سایبەری بەرفراوان دژی ئیسرائیلو ئەمریکا بەڕێوەدەباتو هاککەرەکانی وەک چەکێکی سەرەکیی بۆ بڵاوکردنەوەی ترسو کۆکردنەوەی زانیاریی بەکاردەهێنێت، شارەزایانیش سەریان سوڕماوە کە تاران بۆچی تائێستا هێرشێکی ستراتیژی یەکلاکەرەوەی ئەنجامنەداوە، ئەمەش گومان لەسەر توانای ڕاستەقینەی ئێرانو خاڵە لاوازەکانی بەرگریی ئەمریکا دروستدەکات.
ڕۆژنامەکە دەڵێت، ئەم جەنگە لەناردنی نامەی تێکدەرانە بۆ هەزاران ئیسرائیلی ڕەنگیداوەتەوە، وەک هاندان بۆ دابەزاندنی ئەپڵیکەیشنێکی ساختەی پەناگەکان بەمەبەستی دزینی زانیاریی، یان ناردنی نامەی هەڕەشەئامێز دەربارەی مردنی نەتانیاهۆ.
کریس کریبس، بەرپرسی پێشوی ئاسایشی سیبرانی ئەمریکا دەڵێت، ئێرانییەکان هەموو توانای خۆیان لەم شەڕەدا خەرجدەکهن.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، ئێران پشت بەسێ ئاست لەبریکاری سایبەر دەبەستێت، ئاستی یەکەمو شارەزاترین، ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانو وەزارەتی هەواڵگرییەوە بەڕێوەدەبرێن، ئاستی دوەم بەڵێندەرو هاکەرە نیمچە سەربەخۆکانن، ئاستی سێیەمیش هاکەرە خۆبەخشەکانن. ئەم گروپانە تۆمەتبارن بەهاککردنی ئیمەیڵی سیاسییەکانی ئەلبانیاو دزەکردنە ناو ناوەندێکی توێژینەوەی ئەتۆمیی لەپۆڵەندا.
یەکێک لەهێرشە هەرە وێرانکەرەکان دژی کۆمپانیای "سترایکەر"ی ئەمریکی بوە بۆ تەکنەلۆژیای پزیشکی، کە بوە هۆی پەکخستنی ئامێرە هەستیارەکانو دواخستنی نەشتەرگەرییەکان.
هەروەها گروپی "حەنزەلە" کە پەیوەستە بەهەواڵگریی ئێران، بەرپرسیارێتی هاککردنی ئیمەیڵی تایبەتی کاش پاتێل بەڕێوەبەری نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکای گرتە ئەستۆ.
لەبەرامبەردا، ئەمریکاو ئیسرائیل توانای هێرشبەریی بەهێزیان هەیەو پێشتر لەڕێگەی ڤایرۆسی "ستەکسنێت"وە زیانی گەورەیان لەبەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانداوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئیسرائیل لەپرۆسەیەکی هەواڵگرییدا نزیکەی هەموو کامێراکانی هاتوچۆی تارانی هاککردوە پێش تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی.
ئەوەش هاتوە، ئێران ستراتیژییەکی دوو ئاڕاستەیی پەیڕەو دەکات؛ گروپە دەنگدەروەکان بۆ جەنگی دەرونی بەکاردههێنێت، لەکاتێکدا گروپە مەترسیدارەکان بەبێدەنگی دزە دەکەنە ناو تۆڕە هەستیارەکانەوە، بۆ نمونە گروپی "Seedworm" هەوڵی دزەکردنە ناو بانکو فڕۆکەخانەو کۆمپانیاکانی بەرگریی ئەمریکای داوە.
لەکۆتاییدا ڕاپۆرتەکە هۆشداریدەدات کە بەرگرییەکانی ئەمریکا ناهاوسەنگن، چونکە کەرتی تایبەت پشت بەخۆی دەبەستێتو ئاژانسی ئاسایشی سایبەری ئەمریکا (CISA) تەنها بەیەک لەسەر سێی کارمەندەکانی کاردەکات، ئەمەش وایکردوە وڵاتەکە لەڕوی بەرگرییەوە لەبەردەم مەترسیدابێت.
