ڕاپۆرتەکان: ئابوریی جیهان باجی لێدوانە دژبەیەکەکانی ترەمپ دەدات

ئابوری

03/04/2026‌ 157 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئابوریی جیهان لەئێستادا بەدەست ناسەقامگیرییەکی گەورەوە دەناڵێنێت، ئەمەش بەهۆی ئەو لێدوانە دژبەیەک و توندانەی کە دۆناڵد ترمب، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە جەنگ لە دژی ئێران دەیدات.

شارەزایانی ئابووریی ئاماژە بەوە دەکەن کە کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبن و هەڕەشەی گەورەتر لە ئاسایشی دارایی جیهان دەکەن، بەشێوەیەک نرخی نەوتی خاو تەنها لە دوێنێ پێنجشەممەدا بە ڕێژەی 8% بەرزبۆوە و گەیشتە نزیکەی 109 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش بەو مانایەیە کە نرخەکان بە بەراورد بە پێش دەستپێپکردنی جەنگەکە بە ڕێژەی 50% زیادیان کردووە.

هەناردەی نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی بەردەوامی پێکدادانەکان و بە ئامانجگرتنی کەشتییەکان و پچڕانی زنجیرەی دابینکردن، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. بۆ نموونە هەناردەی سعودیە بۆ نزیکەی 3.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە، ئەمەش بە واتای نیوەی ئەو بڕەی پێش جەنگ دێت، سەرەڕای ئەوەی سعودیە هێڵی "ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا" وەک بەدیلێک بۆ گەرووی هورمز بەکاردەهێنێت.

 لەگەڵ پێداگریی ترمب لەسەر بەردەوامی جەنگ، بازاڕە جیهانییەکان بەدوای سەرچاوەی دیکەدا دەگەڕێن، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداریی داوە کە هەرچەندە ئەوروپا هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی مەترسی، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە مانگی نیساندا قەیرانی قووڵتر سەرهەڵبدات چونکە وڵاتانی ئەوروپی هێشتا پشت بەو شێوانە دەبەستن کە پێش جەنگ کڕیویانە.
ئەم بارودۆخە وای کردووە ئاژانسەکە بە هاوکاریی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی و بانکی جیهانیی تیمێکی تایبەت بۆ دەستێوەردان و چاککردنی هاوسەنگی بازاڕ پێکبهێنێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ڕاکێشانی 400 ملیۆن بەرمیل نەوت لە کۆگاکانی یەدەگی جیهانیی نەیتوانی ڕێگریی لە بەرزبوونەوەی نرخەکان بکات.

داخستنی گەرووی هورمز بۆتە هۆی زیادبوونی تێچووی دڵنیایی  لەسەر کەشتییەکان، چونکە تەنها ژمارەیەکی زۆر کەمی کەشتییە ئێرانییەکان یان ئەوانەی مۆڵەتی ئێرانیان هەیە دەتوانن تێپەڕن، و واشنتۆنیش تا ئێستا نەیتوانیوە بە ڕێگای سەربازی ئاسایشی هاتوچۆ لەو ناوچەیە دابین بکات.
تێچووی بەکرێگرتنی تانکەرێکی زەبەلاح لە 500 هەزار دۆلاری ڕۆژانەوە بۆ سێ هێندە بەرزبۆتەوە و کرێی گواستنەوەی جیهانیش بە ڕێژەی 30% بۆ 40% زیادی کردووە.

محەمەد ڕەمال، ڕۆژنامەنووسی ئابووریی قەتەری ئاماژە بەوە دەکات کە بەهای دڵنیایی ئەو کەشتیانەی ڕێگای "کەپ ئۆف گوود هۆپ" دەگرنە بەر، لە 0.5% بۆ 3% زیادی کردووە، ئەمەش کارەکەی بۆ کۆمپانیاکان بێ سوود کردووە. 

ئامارەکان نیشانی دەدەن کە هێرش کراوەتە سەر 24 کەشتی بازرگانی، تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز بە ڕێژەی 95% کەمی کردووە و نزیکەی 3200 کەشتی لە ئاوەکانی کەنداو گیریان خواردووە، لە کاتێکدا نرخی سووتەمەنی کەشتییەکان 90% بەرزبۆتەوە.

 درێد مەحاسنە لە ڕێکخراوی دەریایی فۆناسبا دەڵێت جیهان بەرگەی بڕانی کاڵا سەرەکییەکان ناگرێت و جەخت دەکاتەوە کە تاکە چارەسەر ڕاگرتنی جەنگە، چونکە بژاردە سەربازییەکان شکستیان هێناوە و لێدوانەکانی ترمب تەنها کێشەکانی ئاڵۆزتر کردووە.