له‌ئێرانه‌وه‌ ده‌نگى ناڕه‌زایى به‌رزبوه‌وه‌.. ئه‌ندازیارى ئه‌تۆمى ئێران ده‌ركه‌وته‌وه‌و په‌یامێكى جیاوازى هه‌یه‌

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3120 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا کە وەک دوایین هه‌وڵی دیپلۆماسی وەسفدەکرێت، محەمەد جەواد زەریف وەزیری پێشوتری دەرەوەی ئێران‌و ئەندازیاری ڕێککەوتنی ئەتۆمی 2015، نەخشەڕێگه‌یەکی نوێی بۆ ڕێگریکردن لەهەڵوەشاندنەوەی ئێران لەجەنگێکی گشتگیردا لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل خستەڕوو.

 

زەریف لەوتارێکی تێروتەسەلدا لەگۆڤاری فۆرین ئەفێرزی ئەمریکی، هۆشداریدەدات کە ئێران پێویستی بەبڕیارێکی ئازایانە هەیە بۆ ڕاگرتنی جەنگ‌و پاراستنی ژێرخانی وڵاتەکەی، ئەو پێشنیازدەکات کە تاران ئامادەبێت سنورێکی توند بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی دابنێت‌و کلیلە ستراتیژییەکەی کە گەروی هورمزە، بەڕوی جیهاندا بکاتەوە.

ئه‌و خاڵانه‌ى زەریف پێشنیازى كردون بریتین له‌:

1ـ دۆسێی ئەتۆمی: قبوڵکردنی سنوربەندی نوێ لەبەرامبەر هەڵگرتنی تەواوی سزاکان.

2ـ گەرەنتی ئاسایش: واژۆکردنی ڕێککەوتنی دەستدرێژینەکردنەسەر یەکتر لەنێوان تاران‌و واشنتۆن.

3ـ ئاسایشی دەریا: کۆتاییهێنان بەهەڕەشەکانی گەروی هورمزو گەرەنتیکردنی هاتوچۆی کەشتییەکان.

4ـ ئابوریی: دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەمریکا بۆ ڕزگارکردنی دراوی تومەن لەداڕمان.

چاودێران پێیانوایە، ئەم پێشنیازەی زەریف لەکاتێکدایە کە گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتونەتە لوتکەو تاران لەبەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەدایەو زەریفیش دەیەوێت بەجیهان بڵێت کە هێشتا لەناو تاراندا دەنگی عەقڵ هەیە کە دەیەوێت وڵاتەکەی لەجەنگێکی وێرانکەر بپارێزێت، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا باڵی توندڕەوی ئێران‌و ئیدارەی نوێی ئەمریکا ئامادەن جارێکی دیكه‌ گوێ لەئەندازیارە دێرینەکە بگرن؟.

لەکاتێکدا ئیسرائیل باس لەلێدانی بنکە ئەتۆمییەکان دەکات، زەریف دەیەوێت ئاشتییەکی ئازاربەخش هەڵبژێرێت لەبری جەنگێکی وێرانکەر، ئەم وتارە وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ هەردوو جەمسەری دەسەڵات لەواشنتۆن‌و تاران دەبینرێت؛ ئایا کاتی سازشی گەورە هاتوە یان ناوچەکە بەرەو تەقینەوەیەکی بێ گەڕانەوە دەچێت؟.