ئێران تێوەگلانی چەند وڵاتێكی دیكە لەجەنگەوە ئاشكرادەكات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3333 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشكرایكرد، ئەو درۆنەی لەشاری شیراز خرایە خوارەوە، پارچەکانی بەڵگەیەکی باشن بۆ سەلماندنی ڕاستی ئەوەی چەند وڵاتێکی ناوچەکە لەم جەنگە تێوەگلاون.


ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت،"ئەو درۆنەی لەشاری شیراز خرایە خوارەوە، پارچەکانی بەڵگەیەکی باشن بۆ سەلماندنی ڕاستی ئەوەی چەند وڵاتێکی ناوچەکە لەم جەنگە تێوەگلاون".

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەکی پارچە درۆنێکی بڵاوکردوەتەوەو پەیامێکی بەزمانی عەرەبی نوسیوەو دەڵێت،"هێزە چەکدارە قارەمانەکانمان ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانەیان لەئاسمانی شیرازی خۆشەویست، شاری حافز و سەعدی خستووەتە خوارەوە". 

هەروەها نوسیویەتی "پارچەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بەڵگەیەکی سەلمێنەر و حاشا هەڵنەگری دیکەن، کە بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە بەکردەیی دەستیان لەو تاوانە دوژمنکارییەدا هەیە کە ئەمریکاو ئیسرائیل دژ بەئێران دەستیان پێیکردوە".

هەرچەندە ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەناوی هیچ وڵاتێکی کەنداو نەکردوە، بەڵام لەکۆتایی پەیامەکەیدا نوسیویەتی "پێویستە یەکێک لەو دوو وڵاتە ڕونکردنەوەی پێویستمان پێ بدات".