شارپرێس:
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا پشتڕاستیان کردەوە، کە یەکێک لەئەندامانی تیمی فڕۆکە جەنگییە تێکشکاوەکەی جۆری F-15E لەناو قوڵایی خاکی ئێراندا بەزیندویی ڕزگار بکەن، هەروەها بەهۆی هەستیاریی ئۆپراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردنەکە، ئیسرائیل بڕیاریداوە چەند هێرشێکی ئاسمانیی پلانبۆداڕێژراو بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان هەڵبوەشێنێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی CBS News، فڕۆکە جەنگییەکە کە دوو سەرنشینی هەڵگرتبوو، لەلایەن هێزە بەرگرییەکانی ئێرانەوە خراوەتە خوارەوە، بەڵام هەردوو فڕۆکەوانەکە توانیویانە بەسەلامەتی لەفڕۆکەکە باز بدەن و بێنە خوارەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا توانیویانە شوێنی یەکێکیان دیاری بکەن و لەناو خاکی ئێراندا بە زیندوویی ڕزگاری بکەن، بەڵام گەڕان بەدوای ئەوەی تریاندا هێشتا بەردەوامە.
هەروەها ماڵپەڕی "Axios" لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە گواستییەوە، کە بەهۆی هەستیاریی ئۆپراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردنەکە، ئیسرائیل بڕیاریداوە چەند هێرشێکی ئاسمانیی پلانبۆداڕێژراو بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان هەڵبوەشێنێتەوە، بۆ ئەوەی هیچ ئاستەنگێک بۆ تیمە ڕزگارکەرەکان دروست نەبێت.