لەبارەی غازو نەوت و پارەی كارەباوە ڕونكردنەوە دەدرێت

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2233 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هۆکارکەمیی گازی ماڵان  وەستانی کارەکانی کێڵگەی کۆرمۆربوە، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و لەسەر هێڵین و 100 تانکەر LPG هاتوە، دەشڵێت، بەرهەمهێنانی نەوت لەم دۆخەدا دوای وەستانی کاری کێڵگەکان 60 بۆ 65 هەزار بەرمیلەو 40 بۆ 50ـی بۆ ناوخۆیە.


کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان،  لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "85%ـی کارەبای هاوبەشان کراوە بە كارەبای  24 کاتژمێری".
 
وەزیری کارەبا وتیشی، "بەڕێوەبردن، سەرپەرشتی و خاوەندارێتیی پڕۆژەی ڕوناکی بریتییە لەوەزارەتی کارەباو پەیوەندیی بەکەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانەوە نییە.
 
وەزیری کارەبا دەشڵێت،"پلان بوو کۆتایی ئەم پڕۆژەیە ساڵی 2026 بێت، بەڵام بەگوێرەی داتاکانی بەردەستمان کە سەرۆکی حکومەتمان لێ ئاگادار کردوەتەوە، وتومانە کە دەتوانین تاوەکو ناوەڕاستی ئەم ساڵ کارەبا بۆ تەواوی خەڵک دابین بکەین".
 
کەمال محەممەد لە كۆنگرەكەدا لەبارەی سوتەمەنی لەهەرێم وتی،"بەهۆی جەنگەوە کە 28ـی شوبات دەستیپێکرد، هەندێک کێشە بۆ سوتەمەنی بۆ وێستگەکان بۆ نزیکەی مانگێک دروست بوو، بەڵام ئەو بابەتەش بەهاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەقایمقامییەتەکان چارەسەر کراو رێگە درایە موەلیدەکان کار بکەن".
 
وەزیری کارەبا ڕاشیگەیاند،"وەک نرخ، لە 18ـی مانگی 05ـی 2025ـەوە تاوەکو ئێستا لەکەلارەوە بۆ زاخۆ هەمان نرخی كارەبا یەكەو جیاوازی تێدا نییە".
 
 وەزیری کارەبا لەبەردەوامی قەسەکانیدا باسی لەوەکرد، "پارەدانی کارەبا دەبێت دوای 51 ڕۆژ لەپێدانی پسوڵەکەی بەهاوبەشەکە بدرێ. ئێمە بەدواداچونیش بۆ گلەیی هەموو کەسێک دەکەین".
 
بەوتەی کەمال محەممەد، لەکاتی ئاساییدا هەرێمی کوردستان 5500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
 
وەزیری کارەبا کە هاوکات وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانە بەوەکالەت، باسی لەکێشەی کەمیی گازی ماڵان کرد و وتی،"هۆکارەکە وەستانی کارەکانی کێڵگەی کۆرمۆر بوە، چونکە کێڵگەکە سێ جۆر سووتەمەنی دابین دەکات. یەکێک لەوانە (LPG)ـی غازی ماڵانە. کاتێک کاری کێڵگەکە وەستا، کەمی هەبوو، بەڵام کارمان کرد لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و لەسەر هێڵ بوین و 100 تانکەر LPG هاتوە".
 
کەمال محەممەد وتیشی،"ئێستا پاڵاوگەی لانازیش دۆخی ئاسایی بوەتەوەو بڕێک گاز دەنێرێ؛ لەکۆرمۆریشەوە گاز دەنێردرێ. کێشەکان بەرەو چارەسەری دەچن، ئەگەر کێشە دروست نەبنەوە".
 
وەزیری سامانە سروشتییەکان باسی لەوەشكرد، بەهۆی هێرشەکانەوە کارکردن لەکێڵگەکانی تاوکی، سەرسنگ، شێخان، پێشابورو چەمانکێ ڕاگیراوە".
 
کەمال محەممەد جەختیشی كردەوە كە "بەرهەمهێنانی نەوت لەم دۆخەدا دوای وەستانی کاری کێڵگەکان 60 بۆ 65 هەزار بەرمیلەو 40 بۆ 50ـی بۆ ناوخۆیە".