ئەردۆغان لەبارەی شەڕی ئێرانەوە هۆشداری دەدات

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1418 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:
لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ،  ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.

 بەگوێرەی پۆستێکی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان هۆشداریدا لەوەی "دۆخی تایبەت بە ئێران بەرەو چەقبەستوویی جیۆپۆلەتیکی دەڕوات"، جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە چڕتر بکاتەوە.

ناوبراو هەروەها باسی لە پشتیوانییەکانی ناتۆ بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی تورکیا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو هاودەنگییەی لەم ماوەیەدا نیشان دراوە، جارێکی دیکە هێزی بەرگری ناتۆی نیشانداوە.

 ئەردۆغان ڕوونیکردەوە کە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا و هێنانەدی ئاشتی.

لە میانی پەیوەندییەکەدا ئەردۆغان پیرۆزبایی خۆی بە بۆنەی ٧٧ ساڵەی دامەزراندنی ناتۆ پێشکەش کرد. هەروەها هیوای خواست کە کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە کە بڕیارە لە ٧ و ٨ی تەمموز بەڕێوەبچێت، هاوپەیمانییەکە بەتواناتر و کاریگەرتر بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان.