شارپرێس:
وەزارەتی نەوتی هیندستان ڕایگەیاند، بۆ بەرەنگاربونەوەی کێشەی وزە نەوتی خاو لەئێران دەکڕێت و هیچ کێشەیەکی دارایی یان رێگرییەک لەپرۆسەی پارەدان بەتاران نییە.
وەزارەتی نەوتی هیندستان لەپلاتفۆرمی (X) بڵاویکردەوە، "پاڵاوگە هیندستانییەکان سەرکەوتوو بون لەدابینکردنی پێداویستییەکانیان لە نەوتی خاو، لەناویشیاندا نەوتی ئێران، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
هەروەها جەختی کردەوە، "هیچ بەربەستێک لەبەردەم پارەدان بۆ هاوردەکردنی نەوتی ئێران نییە، پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی بڵاودەکرێنەوە".
حکومەتی هیندستان ئەو هەواڵانەشی ڕەتکردەوە کە باسیان لەگۆڕینی ئاراستەی تانکەرێکی نەوتی ئێران دەکرد لەبەندەری فادیناری هیندستانەوە بەرەو چین بەهۆی کێشەی پارەدانەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا باری تانکەرێکی گازی شل (LPG)ی ئێرانی کە 44 هەزار تۆنی بارکردوە، لەبەندەری مانگالۆری هیندستان خاڵی دەکرێتەوە.
هیندستان کە سێیەم گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لەجیهاندا، بەهۆی شەڕی ئەم دواییەی ناوچەکەو داخستنی گەروی هورمز کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دروستبوە، چونکە پێشتر نیوەی پێویستیی نەوتی خاو و زۆربەی گازی شلی بۆ چێشتلێنان لەرێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دابین دەکرد.
