شارپرێس:
پێگەیەكی ئەمریكی ئاشکرایکردوە کە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکاو ئێران گەیشتونەتە بنبەست و دەڵێت، تاران پێشنیازی ئاگربەستی کاتی ڕەت کردوەتەوە.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاوی کردوەتەوە، بەپێی زانیارییەکان، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ڕێبەرایەتی لایەنی ئەمریکی دەکات لەدانوستانە ناڕاستەوخۆکاندا، لەبەرامبەردا محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وەک نوێنەری تاران دەردەکەوێت، ئەم گفتوگۆیانە بەنێوەندگیریی ڕاستەوخۆی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، میسرو پاکستان بەڕێوەدەچن.
سەرچاوە ئاگادارەکان لەناوەڕۆکی گفتوگۆکان بۆ ئەکسیۆس-یان ئاشکرایان کردوە، نێوەندگیرەکان تاوەکو ئێستا شکستیان هێناوە لەوەی هەردوو لایەنی جەنگەکە لەسەر یەک مێز کۆبونەوەیەکی ڕاستەوخۆ بکەن، هۆکاری سەرەکی ئەم بنبەستە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێران بەهەموو شێوەیەک پێشنیازی ئاگربەستی کاتی ڕەت کردوەتەوەو داوای گەرەنتی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئەوەی جەنگ بەیەکجاری کۆتایی بێت، ئەوکات ئامادەیە گەروی هورمز بەڕوی کەشتیوانیدا بکاتەوە.
ئەو پێگە ئەمریکییە باسی لەوەش کردوە، ئێستا نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان خەریکی داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بۆ دروستکردنی متمانە لەنێوان ئەو دوو لایەنە کە وەک تاکە دەرچە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەزانن، بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە کە کات لەبەرژەوەندیی دیپلۆماسییەتدا نییە، چونکە تەنیا دوو رۆژ بۆ تێپەڕبونی مۆڵەتەکەی ترەمپ ماوەو هێشتا هیچ ئاماژەیەکی ڕون لەتارانەوە نییە بۆ پاشەکشەکردن لەمەرجەکانی.
ئاماژەشی داوە، ئەگەر تاوەکوو رۆژی دوشەممەی داهاتوو ئەم گرێکوێرەیە نەکرێتەوە، ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی نوێ و وێرانکەری جەنگ هەنگاو دەنێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی "ترووس سۆشیال" نووسیویەتی، "لەبیرتانە کاتێک 10 رۆژم بە ئێران دا بۆ ئەوەی گرێبەستێک بکات یان گەروی هورمز بکاتەوە، کات تەواو دەبێت تەنها 48 کاتژمێر ماوە بۆ کردنەوەی دەرگای دۆزەخ بەسەر ئێراندا".
