حاكم قادر: نابێت ببینە داردەست کە ئاڕاستە بکرێین و بەکاربهێنرێین

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 231 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و بەردەوامی شەڕی ئەمریکا و ئێران، حاکم قادر پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکات و دەڵێت،" نابێت بە هەڵخەڵەتاندن و پیاهەڵدانی هیچ لایەنێک تێبکەوین و کوێرانە لایەنگیری بکەین ".



حاکم قادر، لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک، خاک و نەتەوەکەمان و قەوارەی هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسیدایە، دۆخەکەش، هەم دەرفەتی تیایە و هەم ئاڵەنگاری، بۆیە نابێت ببینە داردەست کە ئاڕاستە بکرێین و بەکاربهێنرێین، بەڵکو پێویستە بە ئاگایی و بەرپرسیارێتیەوە هەڵسوکەوت بکەین ".

ئەوەشیخستەڕوو،" یەکێتی و یەکڕیزی بنچینەی هەر سەرکەوتنێکن، مێژوی پڕ لە خەباتی گەلی کوردستان فێری کردوین کە تەنها بە یەکگرتوویی و هەبوونی ستراتیژی نیشتیمانی دەتوانین بەرەو پێش بچین, بە پێچەوانەوە هەر ململانێیەکی ناوخۆیی و پەرتەوازەیی گوتاری سیاسی تەنها لاوازمان دەکات و دەچێتە خانەی بەرژەوەندییەكانی دوژمنانەوە ".

حاکم قادر باس لەوەشدەکات،" ھەموو كات دۆستەکانمان دەڵێن، چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ و دانیشتن و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ و بەنیشتمانیکردنیان، پێویستیی سەرەکیین بۆ پاراستنی مافە ڕەوا و دیموکراتیەکانمان ".

وتیشی،" مێژوو فێرمان دەکات کە ئەگەر یەکگرتوو نەبین و ستراتیژییەکی هاوبەشمان نەبێت، ناگەینە ئەو ئامانجانەی کە بە درێژایی سەدان ساڵ خەبات و قوربانیمان بۆداوە، ئەم ڕاستییە، بیرمەندان و ڕۆشنبیران بەردەوام جەختیان لەسەر کردووە، بۆیە ئەو سیاسیانەی لە مێژووەوە فێر نەبن، ھەر بە سیاسیەكی ھەرزە دەمێننەوە ".

لەپەیامەی حاکم قادر ئەوەش هاتوە،" دەبێت بە ڕوونی بزانین کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی قوربانی و خەباتی خەڵکە، نەک تایبەت بە هیچ حیزبێک، هەرچەندە حیزبەکان بە پێی خەبات و قوربانیدان بەشدار بوون، بەڵام ئەمە مافی ئەوەیان پێنادات کە گرەو بە چارەنووسی گەلەوە بکەن ".

راشیدەگەیەنێت،" لەم بارودۆخەدا نابێت بە هەڵخەڵەتاندن و پیاهەڵدانی هیچ لایەنێک تێبکەوین و کوێرانە لایەنگیری بکەین، بەڵام گرنگە بزانین کە هەموو ئەو سیستەم و ئاڕاستانەی ئامانجیان بەکارهێنان یان چەوساندنەوەی نەتەوەکانە ، مەترسیدارن ، هەر بۆیە لە ئێستادا، کە هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان هەن، پاراستنی خاک و نەتەوە و هەرێمەکەمان ئەركی لەپێشینە و عاقڵانە و هاوبەشی هەمووانە ".

حاکم قادر جەختیشیکردەوە کە " ئەگەر یەکڕیز و یەکگرتوو بین و واز لە ململانێی ناوخۆ بهێنین، دەتوانین هەم لە ڕووی بەرگری و هەم لەڕووی دیبلۆماسیەوە باشتر کار بکەین و دۆزی کورد بەهێزتر بکەین، بۆیە پێویستە بە لۆجیک مامەڵە لەگەڵ دەرفەتەکاندا بکرێت، نەک بە پاشکۆیی و کورتبینی ".

دەشڵێت،" ئەگەر لەم قۆناغە هەستیارەدا بە پەرتەوازەیی بەردەوام بین و خەریکی بەرژەوەندی تایبەتی خۆمان و ململانێی ناوخۆ بین، ئەوا دوور دەکەوینەوە لە ئامانجە نیشتیمانییەکان و لاواز دەبین لە بەرگری لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، بەرپرسیارییەتی ئەم قۆناغەش لەسەر شانی هەموومانە، یان بەیەکەوە دەتوانین ئامانجەکانمان بەدەست بهێنین، یان بە پەرتەوازەیی هەموو دەستکەوتەکانمان لەدەست دەدەین ".

ئاماژەی بەوەشکرد،" ئەم شەڕەی ناوچەكە و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، بمانەوێ یان نەمانەوێ پریشكی ئێمەش دەگرێتەوە، پێویستە خۆمان ئامادەبكەین بۆ ھەموو ئەگەرەكان، گۆڕانكارییەكان ، ئالنگاریەكان ، ئەم باھۆزە بۆ گەلی كوردستان ھەم لەبارە  و ھەم دژوارە ، لەبارە ئەگەر یەكگرتوو و یەكڕیز بین ، دژوارە گەر پەرتەوازە و ناتەبابین ".