شارپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا درێژکردنەوەی وادەکەی بۆ ئێران بۆ دوو هەفتەی دیکە ڕاگەیاندو دەڵێـت،" لەلایەن پاكستانەوە داوام لێكرا ئەو هێزە وێرانكەرە ڕابگرم كەبڕیارم لێدابوو ئەمشەو بیكەمە سەر ئێران".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لەدەقی نوسینەكەیدا دەڵێت، لەسەر بنەمای گفتوگۆکانم لەگەڵ شەھباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان و فیلد مارشاڵ عاسم مونیر، کە تێیدا داوایان لێکردم ئەو هێزە وێرانکەرە رابگرم کە بڕیاربوو ئەمشەو رەوانەی ئێران بکرێت، هەروەها بەمەرجێک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەزامەند بێت لەسەر کردنەوەی تەواوەتی، دەستبەجێ و بێمەترسیی گەروی هورمز، من رەزامەندم لەسەر راگرتنی بۆردومان و هێرشکردنە سەر ئێران بۆ ماوەی 2 هەفتە. ئەمە دەبێتە ئاگربەستێکی دولایەنە!".
لەبارەی هۆكارەكەشیەوە، ترەمپ ڕایگەیاندوە، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە پێشتر هەموو ئامانجە سەربازییەکانمان پێکاوەو لێشی تێپەڕیوە".
سەرۆكی ئەمریكا ئەوەش ئاشكرادەكات، كەزۆر نزیکن لەرێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بەئاشتیی درێژخایەن لەگەڵ ئێران و ئاشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەڵێت، پێشنیازێکی 10 خاڵیمان لەلایەن ئێرانەوە پێگەیشتوەو پێمانوایە بنەمایەکی گونجاوە بۆ دانوستاندن".
جەختیش دەكاتەوە، كەنزیکەی هەموو خاڵە جیاوازەکانی ناکۆکییەکانی ڕابردوو لەنێوان ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو ئێراندا لەسەریان رێککەوتون و ئاماژە بەوەدەدات، ماوەی 2 هەفتە رێگە دەدات رێککەوتنەکە کۆتایی پێ بهێندرێت و تەواو بکرێت.
