هەڵوێستێکی نوێ لەنەوەی نوێوە.. رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی رەتدەکاتەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2814 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رەتیدەکاتەوە هیچ رێککەوتنێکی نوسراویان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەبێت و دەڵێت، ئەوەی هەیە تەنها گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە.


هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ئەوەی تا ئێستا لەنێوان ئێمە و یەکێتیدا هەیە بریتییە لە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و هێشتا ئەم گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە نەبووەتە رێکەوتنێکی نووسراو ".

- بە 38 کورسییەوە مامەڵە لەگەڵ پارتی دەکەن:

رۆژی  17ی 1ی 2026 بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید لەکۆنگرەیەکی هاوبەشی رۆژنامەوانیدا پێکهێنانی فراکسیۆنێکی هاوبەشیان لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەکرد، ئێستا ئەوان بە 38 کورسییەوە مامەڵە لەگەڵ پارتی دەکەن.

-هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان:

دوای تێپه‌ڕبونی زیاتر لە 540 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، پرۆسەی سیاسیی لەهەرێمی کوردستان نه‌ك هه‌ر هه‌نگاوی نه‌ناوه‌، به‌ڵكو گه‌یشتوه‌ته‌ خاڵی چەقبه‌ستویی، پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌م، ئێستا له‌بری كابینه‌ی نوێ، باسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یارییه‌كه‌و دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكات.

-پارتی مامەڵە لەگەڵ هاوپەیمانییەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ ناکات:

سه‌رچاوه‌ باڵاكانی پارتی بۆ شارپرێس ئاشكرایده‌كه‌ن، حزبه‌كه‌یان به‌توندی نیگه‌رانه‌ له‌م هه‌نگاوه‌ی یه‌كێتیی‌و نه‌وه‌ی نوێ‌و په‌یامی پارتی-ش ڕونه‌و به‌یه‌كێتیمان وتوه‌، "ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتی ناكه‌ین، ته‌نها له‌گه‌ڵ حزبه‌كان به‌جیا و به‌گوێره‌ى قه‌باره‌ی كورسییه‌كانیان گفتوگۆ ده‌كه‌ین".