شارپرێس:
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاشكرایدەكات، كە پێشنیاز كراوە بۆرییەکی نوێی نەوت لەنێوان توركياو عێراق دروست بکرێت تا وەك جێگرەوەی گەروی هورمز پشتی پێببەسترێت.
فاتیح بیرۆل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بەڕۆژنامەی حورییەتی تورکی ڕاگەیاندوە، پێشنیازێکی نوێیان خستوەتە ڕوو بۆ دروستکردنی هێڵێکی بۆریی نەوت کە کێڵگەکانی بەسرە لەباشوری عێراق بەبەندەری جەیهانی تورکیا لەسەر دەریای ناوەڕاست دەبەستێتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە ئامانجی ئەم پڕۆژەیە کەمکردنەوەی پشتبەستنە بەگەروی هورمز بۆ گواستنەوەی وزە.
فاتیح بیرۆل، ئەوەشی بەڕۆژنامەکە ڕایگەیاندوە،"پڕۆژەی بەسرە - جەیهان پرۆژەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش و بایەخدارە بۆ عێراق و تورکیا، هاوکات بۆ پاراستنی ئاسایشی دابینکردنی وزە لەناوچەکە و بەتایبەتیش بۆ ئەوروپا گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەم هێڵە نوێیە بۆ عێراق پێویستییەکی حەتمییەو بۆ تورکیاش دەرفەتێکی زێڕینە، هەروەها بۆ ئەوروپاش دەبێتە گرەنتییەک بۆ دەستکەوتنی وزە، بۆیە پێویستە وەک پرۆژەیەکی ستراتیژی سەیری بکرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، ئێستا گرفتی گەورەی نێوان ئەمریكاو ئێران بۆتە گەروی هورمز.
