بۆچارەسەری دۆسیەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، چین دەستپێشخەرییەک دەخاتەڕوو

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1022 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی زانیارییە دیپلۆماسییەکان، چین ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ وەرگرتنی نزیکەی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە ڕێژەی 60% ، یان سەرپەرشتیکردنی کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنەکەی.

 
ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی مامناوەند دەبینرێت لە کاتێکدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی ئەو ماددانە بە تەواوی لە ئێران دەربهێنرێن یان ڕاستەوخۆ بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی ئەوانەوە.

سەرەڕای ئەوەی تاران بە فەرمی ڕەتیدەکاتەوە یۆرانیۆم لە خاکەکەی ببرێتە دەرەوە، بەڵام ئاماژەکان لە دانوستانەکانی ئەم دواییەدا نیشانەی نەرمییەکی سنووردار دەردەخەن بۆ گەیشتن بە چارەسەری قۆناغبەندی، وەک قبوڵکردنی سەرپەرشتی نێودەوڵەتیی یان گواستنەوەی کاتی بۆ لایەنێکی سێیەم بەمەبەستی پاراستنی سەروەریی وڵاتەکە و کەمکردنەوەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان.

لە بەرامبەردا، ئەمریکا و ئیسرائیل، بەتایبەت بنیامین نەتانیاهۆ، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەرهێنانی لەخاکی ئێران ئەم ماددانە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ هەر ڕێککەوتنێک. 

شارەزایان پێیانوایە هەوڵەکەی چین بیرۆکەی "دەوڵەتی سێیەم" زیندوو دەکاتەوە، کە هاوشێوەی ڕێککەوتنی ساڵی 2015 بوو کاتێک بەشێک لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران ڕەوانەی ڕووسیا کرا.

 ئەمڕۆ دۆخەکە بەهۆی هەبوونی 180 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی 20% و زیاتر لە 6000 کیلۆگرام بە ڕێژەی 5%، ئاڵۆزتر بووە،  لەگەڵ ناڕوونی لە میکانیزمەکانی چاودێریی نێودەوڵەتییدا، هەر ڕێککەوتنێک پێویستی بە هاوسەنگییەکی وردی سیاسیی و سەربازیی دەبێت بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت.