شارپرێس:
لەکاتێکدا عێراق بەدەست کورتهێنانی بودجەو سستیی خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنێت، ڕاپۆرتێکی نوێی چاودێریی دارایی پەردە لەسەر خەرجییەکی زەبەلاحی دامەزراوەی سەرۆکایەتی کۆمار لادەدات کە نیگەرانییەکی زۆری لەشەقامی عێراقیدا دروستکردوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی مەرسەدی ئیکۆ عێراق، خەرجییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لەساڵی 2025دا گەیشتوەتە زیاتر لە 52 ملیارو 366 ملیۆن دینار، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو دامەزراوەیە ڕۆژانە 143 ملیۆنو 470 هەزار دینار (واته 9 دهفتهرو 33 وهرهقه) خەرجدەکات.
وەک لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، زۆرینەی هەرە زۆری ئەم پارەیە کە بڕەکەی زیاتر لە 52 ملیار دینارە، بۆ موچە، خەرجییە کارگێڕییەکان، نانو پێداویستییە کاتییەکان ڕۆیشتوە، لەبەرامبەردا تەنها 218 ملیۆن دینار بۆ لایەنی وەبەرهێنان تەرخانکراوە.
ئەوەی ئەم هەواڵەی لای چاودێران بەگرنگو کارتێکەر ناوبردوە، تەنها بڕی پارەکە نییە، بەڵکو نەبونی چالاکییە؛ مەرسەدەکە ئاماژە بەوەدەکات، سەرۆکایەتی کۆمار لەمساڵدا هیچ پێشنیازە یاسایەکی پێشکەشنەکردوەو هیچ چالاکییەکی بەرچاوی دەستوریی ئەنجامنەداوە کە خزمەتێکی ڕاستەوخۆ بەهاوڵاتیان بگەیەنێت، ئەمەش پرسیاری گەورە لەسەر خهرجكردنى ئەو بڕە پارە زەبەلاحە دروستدەکات.
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، داوا لەپهرلهمانى عێراق کراوە کە چیتر بێدەنگنەبێتو لەڕێگەی یاساوە موچەو خەرجییەکانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە دیاریبکات، بۆ ئەوەی ڕێگریی لەبەفیڕۆدانی سامانی گشتیی بکرێتو بارگرانیی سەر بودجەی دەوڵەت کەمبکرێتەوە.
