مانگرتنی لاهور شێخ جەنگی‌و پۆڵادى براى شکێندراوە یان بەردەوامە؟

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2793 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆسیەی مانگرتنی لاهور شێخ جەنگی‌و پۆڵاد شێخ جەنگی‌و ژمارەیەک لەگیراوانی لالهزار، لەنێوان هەواڵی شکاندنی مانگرتن‌و ڕەتکردنەوەی لەلایەن تیمی پارێزەرانەوە، چەند زانیارییەکی جیاوازی لێ بڵاودەکرێتەوە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار تایبەت بەشارپرێسی ڕاگەیاند، دوای تێپەڕبونی 72 کاتژمێر (سێ شەوو سێ ڕۆژ) لەمانگرتنی بەردەوام، لاهور شێخ جەنگی‌و پۆڵاد شێخ جەنگی‌و هاوڕێکانیان کۆتایییان بەمانگرتنەکەیان هێناوە.

به‌گوێره‌ى وتەی ئەو سەرچاوەیە، لەئێستادا دۆخی تەندروستییان جێگیرەو تیمە پزیشکییەکان دەستیانکردوە بەپشکنینی ورد بۆ سەرجەم مانگرتووەکان، بەمەبەستی دڵنیابونەوە لەکاریگەرییەکانی مانگرتنەکە لەسەر تەندروستییان.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لەتیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جه‌نگى‌و گیراوانی دیكه‌ى لاله‌زار ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، "تا ئەم ساتە مانگرتن نەشکێندراوەو هیچکام لەگیراوان کۆتاییان بەو بڕیارە نەهێناوە".

تیمی پارێزەران جەختیانکردەوە، ئەگەرچی هەوڵێکی زۆر لەلایەن لایەنە سیاسییەکان‌و کەسایەتییەکانەوە هەیە بۆ شکاندنی مانگرتنەکە، بەڵام تائێستا ئەو ئەنجام‌و ڕەوشەی ئەوان وەک تیم‌و وەک گیراوانیش داوایدەکەن فەراهەمنەکراوە، بۆیە پێناچێت مانگرتنەکە بشکێندرێت.

بڕیاری مانگرتنی لاهور شێخ جەنگی‌و پۆڵادى برایی‌و هاوڕێکانیان، وەک ناڕەزایەتییەک دێت بەرامبەر بەیەکلایینەکردنەوەی کەیسەکانیان، ئەوان ئاماژەیان بەوەکردوە، ناکرێت دوای هەشت مانگ لەدەستبەسەرکردنیان، دادگایی نەکراون‌و دۆسیەکانیان بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ ئاوات شێخ جەنگی خوشكى لاهور شێخ جه‌نگى به‌میدیاكانى وتوه‌، "تائێستا نازانین مانگرتنەکە شکێنراوە یان نا، ئەمڕۆ سەردانیان دەکەم بۆ ئەوەی ڕاستیی بابەتەکە بزانم".

شارپرێس بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، هەوڵیدا پەیوەندیی بەبنەماڵەو تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگییەوە بکات، بەڵام هیچکام لەلایەنەکان ئامادەنەبون لێدوان بدەن؛ هۆکاری بێدەنگییەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە تائەوساتەى شارپرێس هه‌واڵه‌كه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ بابەتەکە لای ئەوان یەکلایی نەبوەتەوەو زانیارییەکان نادیاربون، بەڵام لەهەمانکاتدا هەواڵی شکاندنی مانگرتنەکەشیان ڕەتنەکردەوە.