شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاداشتێکی 10 ملیۆن دۆلاری
تەرخانکردوە بۆ هەر کەسێک زانیاری لەبارەی ئەبو ئالائی وەلائی، سەرۆکی کەتایب سەید
شوهەدا لە عێراق پێبدات.
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێگەی
پرۆگرامی پاداشت لەپێناو دادپەروەری سەربە دەزگای ئاسایشی دیپلۆماسی، پاداشتێکی 10
ملیۆن دۆلاری تەرخانكرد بۆ هەر کەسێک زانیاری لەسەر هاشم فینیان رەحیم ئەلسەراجی،
ناسراو بە ئەبو ئالائی وەلائی، سەرۆکی کەتایب سەید شوهەدا لە عێراق پێبدات.
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پاداشتێکی
10 ملیۆن دۆلاری تەرخانكرد بۆ هەر کەسێک زانیاری لەسەر ئەبو حسێن حمێداوی، ئەمینداری
گشتی میلیشیای کەتائیبی حزبوڵای عێراق، بە تۆمەتی ئەوەی تێوەگلاون لە كوشتنی هاوڵاتیانی
ئەمریكی و كردنە ئامانجی بەرژەوەندییەكانی لە عێراق و ناوچە.