شارپرێس:
حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ بارەگا و ناوەندی
مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بوونی هەبێت و دەڵێت،
بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە بابەتانە بێ بنەمایە و دورە لە راستیەوە.
فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی سەر بە حکومەتی هەرێم
لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین لەبەرامبەر
ئەو تۆمەتانەی بەم دواییە لە هەندێک دامەزراوەی دادوەری و ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی
کۆماری ئیسلامی ئێران بلاوکراونەتەوە کە گوایە هەندێک لەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا
سەپیندراوە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای
هەواڵگری ولاتانی ترەوە مەشقیان پێکراوە ".
ئەوەشخراوەتەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو تۆمەتانە
رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگری
ووڵاتان لە هەرێمی کوردستان بوونی نیە. بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە بابەتانە
بێ بنەمایە و دوورە لە راستیەوە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لەوەشکرد،"
حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر بەردەوامیدان بەم
جۆرە تۆمەتانە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە پێویستی بە دانبەخۆداگرتنی زیاتر و
گفتووگۆ و بەشداریەکی بەرپرسیارانە هەیە. بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە رەفتارە ناسەقامگیری
زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە هەرێمی کوردستان بە بەردەوام هەوڵی بۆ پاراستنی ئەوسەقامگیریە
داوە ".
دەشڵێت، چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە
پابەندبوون وەک فاکتەرێکی سەقامگیری و بێلایەن و پێکەوەژیان لە عیراق و ناوچەکە. بە
رێزگرتن لە دەستووری عیراقی فیدراڵ و پرنسیپی پەیوەندی باش و دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی
دراوسێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بەکاربێت
بۆ تێکدانی ئاسایشی ووڵاتانی دراوسێ.
لە هەمان کاتدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی
عیراقی فیدڕاڵ دەکات کە بەرپرسیارەتی دەستووری خۆی بگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی سەرەوەی
عیراق و رێگریکردن لەو پێشێلکاریانەی کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.
راشیدەگەیەنێت،" لەهەمان کاتدا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی
دەکەین کە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە لەپێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزیەکان و رێزگرتن لە سەروەری
و پاراستنی هاووڵاتییان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە ".
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەڕونکردنەوەکەیدا
جەختدەکاتەوە کە " خەلکی هەرێمی کوردستان لە پێناو ئاشتی و کەرامەت و مافە دەستوریەکاندا،
دەیان ساڵە بەرگەی ئازار و ململانێ و قوربانیدانی گرتوە، هەر بۆیە حکومەتی هەرێمی
کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پابەند بوونی بە حکومرانی بەرپرسیارانە و پاراستنی
هاووڵاتییانی خۆی و پەرەپیدانی پەیوەندی بنیادنەر و ئاشتیخوازانە لەگەڵ وڵاتانی
دراوسێ و هاوبەشە نێودەولەتیەکان ".
