ئه‌مریكاو ئیسرائیل گورزێکی کوشندە لەهەژمونی ئێران دەوەشێنن

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1991 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوەرچەرخانێکی ستراتیژیدا، ئیسرائیل‌و ئەمریکا خەریکی تاووتوێکردنی پڕۆژەیەکی گەورەن بۆ گواستنەوەی نەوتی ئیمارات لەڕێگەی وشکانییەوە بەرەو بەندەری حەیفا، ئەم پڕۆژەیە کە وەک شاڕێگەی دەربازبون لەهورمز ناودەبرێت، ئامانج لێی کەمکردنەوەی پشتبەستنی جیهانە بەو گەروە مەترسیدارەی کە لەژێر هەڕەشەی ئێراندایە.


به‌گوێره‌ى میدیاى ئیسرائیلى، پڕۆژەکە بریتییە لەڕاکێشانی هێڵێکی بۆریی نەوتی فرەكیشوەری کە لەئەبوزەبییەوە دەستپێدەکات، بەناو خاکی سعودیەو ئوردندا تێپەڕدەبێت‌و لەبەندەری حەیفا لەئیسرائیل دەگیرسێتەوە، بەمەش ئیسرائیل دەبێتە دەروازەی سەرەکیی وزە بۆ ئەوروپا.

باس له‌وه‌شكراوه‌، ئەم هێڵە هاوتەریبە لەگەڵ پڕۆژە گەورەکەی جۆ بایدن بۆ بەستنەوەی هیندستان بەئەوروپاوه‌، هەرچەندە ئیسرائیل هێشتا بەفەرمی وەک هاوبەش لەڕێگەی ئاشتی دەستنیشان نەکراوە، بەڵام لەسەر زەوی هەنگاوی کردەیی ناوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ میری ڕێگیڤ وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل، پێشنیازی دامەزراندنی دەستەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژە نێودەوڵەتییەکان دەداتە حکومەت، کە دەسەڵاتێکی سەربەخۆ دەبێت بۆ هەماهەنگی لەنێوان سێکتەرەکانی وزە، هێڵی ئاسن‌و پەیوەندییەکان.

ئاڵۆزییەکانی ئەمدواییەی ناوچەکەو هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئازادیی دەریاوانی، وایکردوە ئەم پڕۆژەیە کە چەندین ساڵ بوو پشتگوێخرابوو، ببێتە ئەولەویەتێکی باڵا، ئامانجەکەش وه‌كو ده‌وترێت تەنها ئابوریی نییە، بەڵکو دروستکردنی هێڵێکی دابینکردنی پارێزراوە کە دوربێت لەدەستوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران.

هه‌روه‌ك میدیاى ئیسرائیلى جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، ئەم پڕۆژەیە، ئیسرائیل لەقەوارەیەکی گۆشەگیر لەناوچەکەدا، دەگۆڕێت بۆ جومگەیەکی سەرەکی لەئاسایشی وزەی جیهانیداو نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە بۆ چەندین دەیەی داهاتوو دادەڕێژێتەوە.