شارپرێس:
لەهەنگاوێکی ستراتیژیدا کە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاریی لەنەخشەی گواستنەوەی دەریایی لەناوچەکەدا، بەندەری لازقیە لهسوریا دەستیکرد بەبارکردنی یەکەم کاروانی ئۆتۆمبێلی ترانزێت کە لەئیماراتەوە هاتبون، بەمەبەستی گەیاندنیان بەبازاڕەکانی ئەوروپا.
میدیاى فهرمیى سوریا نوسیویهتى، ئەو کاروانە کە لە246 ئۆتۆمبێل پێکهاتوە، وەک تاقیکردنەوەیەکی کردارییە بۆ زیندوکردنەوەی پێگەی لۆجستی سوریا.
باس لهوهشكراوه، ئۆتۆمبێلەکان دوای بڕینی ڕێگهیەکی وشکانی درێژ لەئیماراتەوەو تێپەڕبون بەخاڵی سنوری (نەسیب)، گەیشتوەته بەندەرەکە تا لەڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو بەندەرەکانی ئیسپانیاو بەلژیکا بەڕێبکرێن.
پسپۆڕانی ئابوریی پێیانوایە، ئەمە تەنها گواستنەوەی شتومەک نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی فەرمی گەڕانەوەی سوریایە بۆ ناو هاوکێشە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان وەک ڕێگهیهكى سهرهكىو ستراتیژیى لەنێوان ڕۆژهەڵاتو ڕۆژئاوا، ئەم ڕێڕەوە نوێیە نەک تەنها کاتو تێچوو بۆ بازرگانان کەمدەکاتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی بوژانەوەی کەرتی خزمەتگوزارییە دەریاییەکانو هەلی کار لەناوچەکەدا.
چاوەڕواندەکرێت لەچەند هەفتەی داهاتودا، زیاتر لە600 ئۆتۆمبێلی دیکە بەهەمان ڕێڕەودا بگوازرێنەوە، ئەمەش دەریدەخات کە بەندەری لازقیە ئامادەیە بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر لەئاڵوگۆڕی بازرگانی جیهانیدا.
