شارپرێس:
حەوت هەزار دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک! ئەمە تێچوی ئەو سەرکێشییە تایبەتەیە کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێشکەشی هاوڕێیەکی نزیکی ترهمپی کردوە، کید ڕاک لەسەر کورسیی ئاپاچییە 100 ملیۆن دۆلارییەکانەوە نەک هەر سەیری واشنتۆنی کرد، بەڵکو بوە چەقێكی نوێی ململانێی سیاسی لەنێوان کۆمارییو دیموکراتەکاندا.
لەکاتێکدا هێشتا تۆزی کێشەکانی پێشوی نەنیشتوەتەوە، (کید ڕاک)ی گۆرانیبێژی لایەنگری ترهمپ، لەلایەن پیت هێگسێت وەزیری بەرگریی ئەمریکاوە (پێنتاگۆن)، بانگهێشتی گەشتێکی تایبەت کرا بەیەکێک لەکوشندەترین مەکینە جەنگییەکانی جیهان.
ڕۆژی دوشەممە کید ڕاک لەسەر کورسی نیشانەشکێنی (Gunner) هەلیکۆپتەرێکی هێرشبەری جۆری "ئاپاچی AH-64" بینرا، ئەم گەشتە کە تەنها 10 خولەکی خایاندو لەبنکەی (فۆرت بێلڤوار) لەنزیک واشنتۆن ئەنجامدرا، هێگسێتو کید ڕاکی لەدوو هەلیکۆپتەری جیادا کۆکردەوە، وەزیری بەرگریی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكس وێنەیەکی بڵاوکردەوەو کید ڕاکی بە"نیشتمانپەروەرێکی گەورە"و "پاڵپشتیکاری سەرسەختی سوپا" وەسفکرد.
پێنتاگۆن دەڵێت، ئەم چالاکییە بەشێکە لەپڕۆژەی (ئازادی 250) بۆ ئامادەکارییەکانی یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە: کێ پارەی ئەم گەشتەی داوە؟
هەر کاتژمێرێک فڕینی ئاپاچی نزیکەی حهوت ههزار دۆلار لەسەر حکومەت دەکەوێت، کاتێک لەبەرپرسانی کۆشکی سپیو وەزارەتی بەرگریی پرسیاركرا، ئامادەنەبون وەڵامبدەنەوە کە ئایا باجدەرانی ئەمریکا تێچوەکەیان گرتوەتە ئەستۆ یان نا.
ئەم گەشتە دوای ئەوەدێت کە هێگسێت بەشێوەیەکی تایبهتى دەستوەردانیکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای کۆمەڵێک فڕۆکەوان کە پێشتر بەهۆی فڕینی نایاساییو نزم بەسەر ماڵەکەی کید ڕاکدا لەنەشڤیل، لەکارەکانیان ڕاگیرابون.
هێگسێت نەک هەر سزاکانی هەڵگرت، بەڵکو بێئەنجامدانی هیچ لێکۆڵینەوەیەک پێی وتن، "بەردەوامبن نیشتمانپەروەران!".
ئەم نمایشە ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە، گایڤن نیوسەم پارێزگاری کالیفۆرنیا بەتوڕەییەوە پرسی، "بۆچی دەبێت باجدەران پارەی گەشتە خۆشەکانی کید ڕاک بەهەلیکۆپتەرێکی 100 ملیۆن دۆلاری بدەن؟".
لەلایەکی دیکەوە، کید ڕاک خۆی ئەمجۆرە فڕینانە بەدیاریو ڕێزگرتن لەکارەکانی دەبینێتو ڕەخنەگرانی بەدوڕوو ناوزەدکرد.
ئەم ڕوداوە جارێکی دیکە مشتومڕی لەسەر بەکارهێنانی دامەزراوە سەربازییەکان بۆ مەرامی سیاسییو ریکلامی شەخسی لەئەمریکا دروستکردوەتەوە.