به‌رپرسانى كۆشكى سپى هۆشدارییه‌كى به‌په‌له‌ ده‌ده‌نه‌ ئێران

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2254 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ چونە ناو قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران، بەرپرسانی کۆشکی سپی هۆشداریدەدەن لەهەڵکشانی دۆخەکە بەرەو (لمی جوڵاو) یان ململانێیەکی بەستوو کە تێیدا نە ڕێککەوتنی سیاسیی دیارەو نە جەنگێکی یەکلاکەرەوە.


به‌گوێره‌ى سەرچاوە نزیکەکان، دۆناڵد ترەمپ لەبەردەم دوو بژاردەی دژبەیەکدا ڕاڕایە، یه‌كه‌میان، بژاردەی دیپلۆماسی‌و گوشاری ئابوریی کە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەو ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی پشتیوانیدەکەن، بەئامانجی ناچارکردنی تاران بۆ گەڕانەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ، دوه‌میش، بژاردەی سەربازییه‌ کە کەسایەتییە توندڕەوەکانی وەک لیندسی گراهام‌و ژەنەڕاڵ جاک کین هانیدەدەن، بەوپێیەی دەڵێن، "ئێرانییەکان تەنها لەزمانی بۆمب تێدەگەن".

سەرچاوەکان ئاشکرایدەکەن، ئێران پێشنیازێکی کاتی خستوەتەڕوو بۆ کردنەوەی گەروی هورمز لەبەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر کەشتییەکانی، بەڵام تڕەمپ مەیلی بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم پێشنیازە هەیە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەم هەنگاوە بابەتی بەرنامە ئەتۆمییەکە دوادەخات، کە ئامانجی سەرەکی تڕەمپە لەم ڕوبەڕوبونەوەیەدا.

لەئێستادا 20٪ی نەوتی جیهان لەم گەروەوە تێدەپەڕێت‌و ئەمریکا گەمارۆیەکی توندی خستوەتەسەر ئەو کەشتیانەی ئاڵای ئێرانیان پێوەیە، له‌وباره‌یه‌وه‌ کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، "هێڵە سورەکان بۆ تاران کێشراون‌و واشنتۆن ئامادەنییە لەپرسی گەمارۆکان پاشەکشە بکات".

ئەگەر ئەم دۆخە بەبەستویی بمێنێتەوە، واشنتۆن ناچار دەبێت هێزەکانی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەناوچەکە بهێڵێتەوە، ئەمەش بێزاری لای ترەمپ دروستکردوە، چونکە لەڕوی سیاسیی‌و ئابورییەوە بەزیانی دەشکێتەوە، بەتایبەت کە تەنها شەش مانگ بۆ هەڵبژاردنەکانی تشرینی دوەم ماوە.