شارپرێس:
لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراوداو لەکاتژمێر چوارى بەیانی ئەمڕۆدا بەکاتی واشنتۆن، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاڕاستەی تاران کردو ڕایگەیاند، "چیتر کاتی نەرمی نواندن نەماوەو سهردهمى پیاوه باشهكهش كۆتاییهات".
ترەمپ لەهەژماری خۆی لەسۆشیاڵ میدیای (تروس سۆشیاڵ)، وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا چاویلکەیەکی ڕەشی لەچاوەو چەکێکی قورسی بەدەستەوەیە، لەپشتەوەیشی وێرانکاریی لەشارێکی ئێراندا دەبینرێت، لەسەر وێنەکە بەگەورەیی نوسراوە، "چیتر پیاوی باش نەما یان سەردەمی پیاوە نەرمۆ باشهكه کۆتاییهات".
ئەم هێرشە توندەی ترەمپ دوای ئەوەدێت، واشنتۆن پێشنیازێکی تارانی ڕەتکردەوە بۆ کردنەوەی گەروی هورمزو دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەبەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران، ترەمپ لەپەیامەکەیدا نوسیویەتی، "ئێران ناتوانێت ڕیزەکانی یەکبخاتو نازانێت چۆن ڕێککەوتنێکی نائەتۆمی واژۆبکات، پێویستە بەمزوانە ژیرتر ببن".
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، ترەمپ داوای لەیاریدەدەرانی کردوە خۆیان بۆ گەمارۆیەکی دەریایی درێژخایەن ئامادەبکەن، چونكه پێیوایە ڕێگریگرتن لەهەر کەشتییەک کە بچێتە بەندەرەکانی ئێران یان لێی بێتە دەرەوە، بژاردەیەکی کەم مەترسیدارترە وەک لەدەستپێکردنەوەی بۆردومان یان کشانەوەی تەواوەتی لەململانێکان، کە ئێستا چوەتە مانگی سێیەمیەوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ترەمپ لەنێوان دوو بەرەی جیاوازدا بڕیار دەدات؛ بەرەیەک بەسەرۆکایەتی لیندسی گراهام کە داوای توندکردنی فشارە سەربازییەکان دەکەنو بەرەیەکی دیكهش کە پیاوانی کارنو نیگەرانن لەوەی داخستنی گەروی هورمز زیانی گەورە لەئابوریی جیهان بداتو کاربکاتەسەر هەڵبژاردنەکانی تشرینی دوەمی ئەمریکا.
ئیدارەی ئەمریکا جەختدەکاتەوە، هەر ڕێککەوتنێک دەبێت پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەبنەڕەتەوە چارەسەربکات، بەوەش واشنتۆن دەستبەرداری کارتە فشارەکانی نابێت لەبەرامبەر تاراندا.
