هاوسەری شێروان شێروانی بۆ ئەمریکا: شێروان بەهۆی کۆبونەوە لەگەڵ ئێوە دەستگیرکراوەو بێدەنگ مەبن

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1372 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوسەری شێروان شێروانی پەیامێک ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات و دەڵێت،" پێویستە حکومەتی ئەمریکا چاو لەوانە نەپۆشێت کە رۆژنامەنوسان بە 'تاوان'ی قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی زیندانی دەکەن ".



روگەش جەباری، هاوسەری شێروان شێروانی لەپەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە،" پێنج ساڵ و نیو لەمەوبەر، حکومەتی هەرێم هاوسەرەکەم، شێروان شێروانی-یان دەستگیرکرد، بە چ تاوانێک؟ تەنها ئەوەی کە رۆژنامەنوسێک بوو لەگەڵ کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر کۆبونەوەی کردبوو، لەو کاتەوە، چوار منداڵەکەمان بێ باوکن. منداڵەکانم پێویستییان بە شێروانە، من پێویستم بە هاوسەرەکەمە، لە سەروی هەموو ئەوانەشەوە، هاوسەرەکەم پێویستی بە دادپەروەرییە ".

هاوسەرەکەی شێروان شێروان دەشڵێت،" ئەو داوایە بۆ سیاسەتداڕێژەرانی ئەمریکی لە واشنتۆن دەنوسم، چونکە ئەمریکا حکومەتی هەرێمی کوردستان باش دەناسێت، ئەمریکا نەخشەی سیاسیی عێراقی لە دوای ٢٠٠٣ەوە داڕشت بە پەیمانی ئەوەی کە لە عێراقدا دیموکراسی، حوکمی یاسا، مافەکانی مرۆڤ و حکومڕانیی بەرپرسیار جێدەگرن. هاوسەرەکەم بڕوای بەو پەیمانانە هەبوو ".

ئەوەشیخستەڕوو،" دوای روخانی دیکتاتۆری عێراق سەدام حوسێن، شێروان بوو بە رۆژنامەنوس لەبەرئەوەی بڕوای بە ئازادیی چاپەمەنی هەبوو، بڕوای وابوو کە ئەو ئازادییە دەتوانێت کوردستانێکی دیموکرات بونیاد بنێت.  بەڵام حکومەتەکەی مەسرور بارزانی شێروانیی بە بیانوی دیدار لەگەڵ کۆنسوڵە گشتییەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا لە هەولێر دەستگیرکرد ".

بەپێی وتەی ڕوگەش جەباری،" شێروان شێروانی لەبارەی گەندەڵی، خراپبەکارهێنانی دەسەڵات، شوێنی زیندانە نهێنییەکان و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ دەینوسی و بابەت و بەدواداچونی بڵاودەکردەوە، ئەو بڕوای وابوو کە رۆژنامەوانی دەبێت خزمەتی کۆمەڵگا بکات، نەک دەستەڵاتداران، بەڵام لە کوردستانی عێراقدا، بەتایبەت لە دهۆک و هەولێر، دەستەڵاتدارێتییە خۆجێیەکان وەک تاوان مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەوانیی سەربەخۆ دەکەن ".

روگەش جەباری باسی ساتەوەختی دەەستگیرکردنی هاوسەرەکەی دەکات و دەڵێت،" لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠دا، ئەو واقیعە لە ماڵەکەی ئێمە رووی دا. لە کاتژمێر چوار و نیوی ئێوارەدا، ئاساییش و پۆلیسی سەر بە حیزبەی بارزانی، پارتی دیموکراتیی کوردستان، هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەمان. نزیکە ٢٠ کەس هاتن، لەگەڵیشیاندا پۆلیس هەبوون کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد سەر بە دادگان. شەش ئۆتۆمبێلی سەربازی دەوری ماڵەکەمانیان گرتبوو. دوو لە منداڵەکانم خەوتبوون. دووانی تر بەخەبەر بوون. منداڵە نۆبەرەکەم تەمەنی تەنها ١١ ساڵ بوو ".

وتیشی،" شێروان رایکردە سەربان، بەڵام ئەوان دەستگیریان کرد. لەبەر چاوی منداڵەکانم، چەکیان خستە سەر سەری. کەلەپچەیان کرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیان گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان. دۆخێکی زۆر ترسناک بوو. کوڕەکەم ئێستا ١٧ ساڵە، بەڵام تراوماکەی ئەو رۆژە هێشتا لە هەناویدا لەگەڵی دەژی. کچەکەم تەنها دوو ساڵ بوو کاتێک باوکیان برد، ئێستا حەوت ساڵە ".

روگەش جەباری باسی لەوەشکرد،" شێروان حوکمێکی شەش ساڵەی وەرگرت لە ٢٠٢١ بە 'تاوان'ی ئەوەی کە ئاساییشی هەرێمی خستۆتە مەترسییەوە. هاوسەرەکەم هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە. بەڵگەکان لە دژی شێروان لاواز و سیاسیی بوون. کڕۆکی کەیسەکە ئەوە بوو کە هاوسەرەکەم لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئەمریکیی بە شێوەیەکی ئاشکرا لە کۆنسوڵخانە دیداری ئەنجامداوە، ئەوە ئیمتیازێکە بەرپرسانی حکومەت بۆ خۆیان قۆرخ کردوە. پێش دادگایییەکە، بەرپرسانی باڵا بەئاشکرا رۆژنامەنووسانیان تۆمەتبارکردبوو کە گوایە سیخوڕن. کاتێک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕێدەدات ئەو فیتنەبازییە بەردەوام ببێ، ئاماژەی خراپ دەدات بە هەموو عێراقییەک و کوردێک کە دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا لەوانەیە حکومی مردنی بەدواوە بێ ".
هاوسەری شێروان شێروانی راشیگەیاند،" ئەمریکا ملیۆنان، تەنانەت ملیاران، دۆلاری خستۆتە بەردەم ئەو خێزانانەی کە بڕیاردەدەن کەسانی رەخنەگری دەستەڵات بخرێنە زیندانەوە، ئەمە خوێکردنە بە بریندا ".

لەپەیامەکەدا ئەوەش هاتوە،" فشاری ناوخۆیی و دەرەکیی وای کرد حوکمەکە کەمبکرێتەوە. دواتر، لە تەموزی ٢٠٢٣، دادگا لەسەر ئیمزاکردنی بەڵگەنامەیەک حوکمێکی تری شێروانی دا بە بیانوی ساختەکردنی ئیمزاکردنی بەڵگەنامەیەک کە پەیوەست بو بە داوایەکی ئیمزاکراوی ناو زیندان. ئەو کەسەی کە ناوی لە بەڵگەنامەکەدا هاتبوو، خۆی جەختی کردبوەوە بۆ دادگا کە شێروان مۆڵەتی لەو وەرگرتوە تا ناوی ئەویش زیاد بکرێ. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە بڕوامان وابوو کە دواجار لەوانەیە ئابی ساڵی رابردوو شێروان بگەڕێتەوە لامان و ئازاد بکرێت. بەڵام دیسان بێ ئاگادارکردنەوە، دادگا چوار ساڵ و پێنج مانگی دیکە زیندانی بۆ زیاد کرد ".

ئاماژە بەوەشکراوە،" ئەم جارەیان، بانگەشەکە ئەوە بوو کە هەڕەشەی لە بەرپرسێکی زیندان کردووە. کەیسەکە پشتی بەستبوو بە گەواهیدانی دژبەیەک. دوو شایەتحاڵ کە لەوێدا ئامادە بوون گوتیان کە ئەوان گوێیان لە شێروان نەبووە هەڕەشە لە کەس بکات. شایەتحاڵەکانی تر پاسەوانانی زیندان بوون کە سەر بە سکاڵاکارەکە بوون. شێروان داوای ڤیدیۆی کامێڕاکانی چاودێری کرد، بەڵام دادگا پێیگوترا کە کامێراکان لەو کاتەی کە گوایە شێروان هەڕەشەی کردوە، ئیشیان نەکردوە. چواردە ئەندام پارلەمانی بەڕیتانیا دوای ئەو حکومدانە نوێیە داوای ئازادکردنی شێروان شێروانییان کرد ".

بەگوێرەی پەیامەکە،" بڕیاری کۆتایی دادگا بە حوکمدانی شێروان زیاتر بوو لەوەی کە تەنانەت یاسا بۆی دیاریکردبوو پەیوەست بەو کەیسەوە. دواتر دادگا مافی بەرگریکردنیشی سنووردار کرد کە پارێزەرەکانی شێروان دەستیان بە دۆکیومێنتەکان بگات بۆ ئەوەی ئاڵنگاریی دادگا بکەن وەک مافێکی یاسایی. دەستەڵاتدارێتیی کوردیی رێیان گرت لە چاودێران، ئەندامانی خێزانی شێروان، دیپلۆماتکارەکان و نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی کە ئامادە ببن لە دادگا. هێزە ئەمنییەکان بە جلی سەربازی و مەدەنییەوە ژوورەکانی دادگایان پڕ کرد. لە دەرەوە، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر خەڵکی کە بەئاشتییانە کۆبووبوونەوە ".

وتیشی،" کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە پێویستە لەوە تێ بگەن کە ئەو کەیسە چ مانایەک دەگەیەنێ. شێروان تەنها رۆژنامەنوسێک نییە؛ ئەو سیمبۆلی ئەوەیە کە چی روودەدات کاتێک حکومەتێک، کە ئەمریکا پشتیوانییەتی، بەڵام دادگا و زیندان و هێزە ئەمنییەکان بەکاردێنێت بۆ بێدەنگکردنی رەخنەگرتنی ئاشتیخوازانە ".

روگەش جەباری دەشڵێت،" زیندانیکردنی شێروان شکۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشکێنێت و متمانە بە دەزگا دەستورییەکانی لاواز دەکات. هەروەها پەیامێک بۆ کۆی رۆژنامەنوسان دەنێرێت کە بنکۆڵکردن و نووسین لەبارەی گەندەڵییەوە وات لێ دەکات خێزانەکەت لە بەرانبەریدا باجەکەی بدات. باجدەرانی ئەمریکاش قوربانین چونکە زۆر لەو پارەیە بەفیڕۆ دەڕوات کە حکومەتی ئەمریکا دابینی دەکات ".

لەکۆتایی پەیامەکەشیدا روگەش جەباری ئاماژەی بەوەکردوە،" تکایە ڕێگە مەدەن هاوسەرەکەم لە کونجی زینداندا هێدی-هێدی بمرێ تەنها لەبەرئەوەی کاری خۆی وەک رۆژنامەنوسێک جێبەجێکرد و دیداری لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئەمریکا ئەنجام دا. پەیمانی دیموکراسی لە کوردستاندا فەرامۆش مەکەن. من داوای ئیمتیازێک ناکەم. من داوای دادپەروەری دەکەم، شێروانم بۆ بگەڕێننەوە ماڵەوە ".