شارپرێس:
بۆ یەکەمجار لەمێژوی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵگە مێژوییەکان پەردە لەسەر نهێنی بەشداریکردنی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەشەڕی ساڵی 1982ی لوبنان دژی سوپای ئیسرائیل لادەدەن؛ کاتێک گەریلاکان دوای کودەتای 1980ی تورکیا ڕویان لەدۆڵی بهیقاع کردو لەشەڕی قەڵای شەقێفدا، شانبەشانی هێزە فەڵەستینییەکان ڕوبەڕوی سوپاى ئیسرائیل بونەوە، کە بەهۆیەوە 11 گهریلا گیانیان لەدەستداو چەندین ئەندامیشیان بەدیلگیران، ئەمەش وەک وێستگەیەکی ستراتیژیی پێشوەختە بوە بنەمای کۆکردنەوەی ئەزمونی سەربازیی بۆ دەستپێکردنی شەڕی چەکداریی پەکەکە لەساڵی 1984 لەناوخۆی تورکیادا.
بەڵگە مێژوییەکانو ئەرشیفەکانی حزبەکە پەردە لەسەر وردەکاریی یەکەمین پێکهەڵپژانی ڕاستەوخۆو دەستەوێخەی نێوان گەریلاکانی پەکەکەو هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لەهێڵەکانی پێشەوەی جەنگی حوزەیرانی 1982ی لوبنان لادەدەن؛ کاتێک فەرماندەی مێژوییو دامەزرێنەری باڵی سەربازیی پەکەکە، مەعسوم کۆرکماز (عەگید)، سەرکردایەتی مەیدانیی ئەو چەکدارانەی دەکرد کە لەچوارچێوەی بەرگرییەکی سەربازیی چڕدا لەداستانی قەڵای مێژویی "شەقێف"و کەمپی نەبتیە، ڕوبەڕوی هێرشی تانکو هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیلی بونەوە.
لەئەنجامی ئەو شەڕە توندو دەستەویهخەیەدا، 11 گەریلا لەوانەش (عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمانو فەوزی ئاسان) لەسەنگەرەکاندا شههیدبونو هاوکات 15 گهریلاى دیكهش بەدیلگیرانو گوازرانەوە بۆ زیندانی ئەنسار لەباشوری لوبنان، کە ئەمەش قورسترینو یەکەمین تاقیکردنەوەی شەڕی مەیدانیی پەکەکە بوو لەدژی سوپایەکی ڕێکخراو پێش دەستپێکردنی ململانێ چەکدارییەکەیان لەناوخۆی تورکیادا.
دوای کودەتای سەربازیی ساڵی 1980 لەتورکیا، بەشێکی زۆری سەرکردایەتیو کادیرانی سەرەتایی پەکەکە، بەهۆی گوشارە ئەمنییەکانەوە، خاکی تورکیایان جێهێشتو ڕویان لەسوریاو دۆڵی بهیقاع لەلوبنان کرد، لەو ماوەیەدا، پەکەکە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین (PLO)و هێزە چەپەکانی ناوچەکە پەرەپێداو چەندین بنکەی مەشقو ڕاهێنانی سەربازیی لەو ناوچەیە دامەزراند.
کاتێک لەحوزەیرانی ساڵی 1982دا سوپای ئیسرائیل هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر خاکی لوبنان دەستپێکرد (کە بەشەڕی یەکەمی لوبنان دەناسرێت)، گەریلاکانی پەکەکە خۆیان لەناوەڕاستی بەرەکانی جەنگدا بینییەوە.
بهگوێرهى بەڵگەنامە مێژوییەکان، چەکدارانی ئەم ڕێکخراوە کوردییە لەچەندین بەرەی باشوری لوبنانو دۆڵی بهیقاع، بەتایبەتی لەدەوروبەری قەڵای مێژویی "شەقێف"، شانبەشانی شەڕڤانانی فەڵەستینی دژی پێشڕەوییەکانی سوپای ئیسرائیل جەنگان، لەو ڕوبەڕوبونەوانەدا، پەکەکە 11 گهریلاى خۆی لەدەستدا کە لەئەدەبیاتی حزبەکەدا وەک "شەهیدانی دەرەوەی وڵات" ناودەبرێنو ژمارەیەکی دیکەش لەئەندامانیان لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بەدیلگیران.
شیکەرەوە مێژوییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، سێ هۆکاری سەرەکی لەپشت ئەم بەشداریکردنە چەکدارییەوە بون، یهكهمیان فەڵەستینییەکان لەڕوی لۆجستیو شوێنی مەشقو ڕاهێنانەوە هاوکارییەکی زۆری پەکەکەیان کردبوو، بۆیە ئەم هەنگاوە وەک پابەندبونێک بەو هاوپەیمانییە بینرا، دوهمیش لەو قۆناغەدا، پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی چەپی شۆڕشگێڕ خۆی دەناساندو ئیسرائیلی وەک بەشێک لەبەرەی ڕۆژئاواو هاوپەیمانی تورکیا لەناوچەکەدا پێناسە دەکرد، سێیهمیش ئەم ڕوبەڕوبونەوە ڕاستەوخۆیە لەگەڵ سوپایەکی ڕێکخراوی وەک ئیسرائیل، یەکەمین تاقیکردنەوەی مەیدانیی گەریلاکانی پەکەکە بوو.
چاودێرانیش پێیانوایە، ئەو ئەزمونە جەنگییەی لەلوبنان بەدەستهات، بوە بنەمایەک بۆ ئەو شەڕە چەکدارییەی کە پەکەکە دوو ساڵ دواتر، لە 15ی ئابی 1984دا، لەناوخۆی باکوری کوردستان لەدژی سوپای تورکیا دەستیپێکرد.
ئەم وێستگە مێژوییە نیشانیدەدات کە چۆن ململانێ نێوخۆییو هەرێمییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقۆناغە جیاوازەکاندا تێکەڵ بەیەکتربونو کاریگەرییان لەسەر نەخشەی سیاسیی ناوچەکە جێهێشتوە.
