شارپرێس:
فەرمانگەی میدیاو زانیاریی ئهنجومهنى وهزیران ئاشكرایكرد، بڕیاردرا سبەینێ پێنجشەممە، 4ی حوزەیرانی 2026 هاوشێوەی تەواوی عێراق، لەسەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان ببێتە پشوی فەرمی.
سبهینێ جەژنی غەدیر (یان غەدیری خوم)ه بۆنەیەکی ئاینیی گرنگە لای موسڵمانانی شیعەمەزهەب، ئەم ڕۆژە دەکەوێتە 18ی مانگی زولحجە لەڕۆژژمێری کۆچیدا.
بهگوێرهى بیروباوەڕی شیعە، لەکاتی گەڕانەوەی پێغەمبەر محەممەد (د.خ) لەحەجی ماڵئاوایی (حجه الوداع)، لەشوێنێک بەناوی (غەدیری خوم) کە دەکەوێتە نێوان مەککەو مەدینە، کۆبونەوەیەکی گەورەی ئەنجامدا، لەو شوێنەدا پێغەمبەر (د.خ) دەستی ئیمامی عەلی کوری ئەبو تاڵیبی بەرزکردەوەو وتویهتى، "هەرکەسێک من مەولای ئەوبم، عەلی-ش مەولایەتی"، واتای ڕوداوەکەش لاى پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە، ئەم پهیامه وەک بەڵگەی فەرمیو دەقێکی خودایی دەبینن بۆ دەستنیشانکردنی ئیمامی عەلی وەک جێگرو خەلیفەی یەکەمی موسڵمانان دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر.
زۆرێك پێیانوایە، پێغەمبەر (د.خ) ویستویەتی ڕێزو پێگەی بەرزی ئیمامی عەلی نیشانی موسڵمانان بداتو داوایان لێبکات خۆشیان بوێتو پشتیوانیی بکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی پێشتر هەندێک گلەیی لەنێوان چەند هاوەڵێکو ئیمامی عەلیدا دروستبوبوو لەکاتی گەڕانەوەیان لەیەمەن، بهڵام ئهم لێكدانهوهیه لای سوننە جیاوازهو پێیانوایه، ئەگەر مەبەستەکە خەلافەت بوایە، وشەی ڕونتری وەک "ئەمیر" یان "خەلیفە" بەکاردەهات، ئەم ڕستەیەو لێکدانەوە جیاوازەکانی، بنەمای سەرەکیی جیابونەوەی مێژوییو سیاسیی نێوان هەردوو مەزهەبەکەیە لەسەر پرسی خەلافەتو سەرکردایەتی دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ).
لەساڵی 2024دا، بەهۆی هەوڵو داواکارییەکانی لایەنە شیعەکانەوە (بەتایبەت پەرلەمانتارانی نزیک لەڕەوتی سەدر)، پەرلەمانی عێراق یاسای پشوە فەرمییەکانی هەموارکردەوە، بەوپێیەش، ئەم ڕۆژە (18ی زولحجە) کرا بەپشوی فەرمی لەسەرتاسەری عێراقو پهرلهمانتارانى كوردیش دهنگیان پێدا.