میدیاى ئیسرائیلى ئاماژەکانی کۆتاییهاتنی ژیانی سیاسیی بنیامین ناتانیاهۆ ئاشكراده‌كه‌ن

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1441 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی ئاماژە بەوەدەکات، نیشانەکانی کۆتاییهاتنی ژیانی سیاسیی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەرکەوتون، بەتایبەت ئەگەر ئیدارەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران بگاتە لێکتێگەیشتن.


به‌گوێره‌ى ڕۆژنامەکە، ئەمەش بەواتای کاڵبونەوەی دەسەڵات‌و هەژمونی بنیامین ناتانیاهۆ دێت لەکۆشکی سپی، بەپێچەوانەی ئەو بانگەشانەی لەساڵانی ڕابردودا دەیکردن.

ڕۆژنامەکە دەڵێت، ناتانیاهۆ ئەو کارتە براوەیەی لەدەستداوە کە پێشتر سەرکردەکانی پارتی لێکۆدی پێ قەناعەت پێدەهێنا، کاتێک وەک سەرکردەیەکی بەهێز خۆی نیشاندەدا کە توانای وەستانەوەی بەڕوی سەرۆکەکانی ئەمریکادا هەیە، بەتایبەت باراک ئۆباماو جۆ بایدن.

باسی لەوەشکردوە، ئێستا مەترسییە سیاسییەکانی دەوروبەری تەنها لەلایەن ڕەوتەکانی ناوەڕاست‌و چەپەوە نین، بەڵکو گەیشتونەتە ناو کەمپەکەی خۆشی، جگەلەوەی لێدوانەکەی ئەمدواییەی دۆناڵد ترەمپ کە وتبوی "ناتانیاهۆ کەسێکی لەسەرخۆیەو هەرچییەکی پێ بڵێم جێبەجێی دەکات"، وەک گورزێک بوو بۆ ئەو وێنە باوەی کە گوایە سەرکردەیەکی توندە بەرامبەر ئێران‌و فشارە نێودەوڵەتییەکان.

ئەوەش هاتوە، هاوکات کۆمەڵگەی ئیسرائیلی بەدەست ماندوێتییەکی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت بەهۆی مانگەکانی شەڕ، بانگهێشتکردنی هێزەکانی یەدەگ، گرانیی بژێوی، تەنگژەی ئابوریی‌و جەمسەرگیریی ناوخۆیی.

پێشیوایە  ڕای گشتیی ئیسرائیل ئێستا گومان لەدەستکەوتەکانی ناتانیاهۆ دەکات‌و پێیوایە، نەیتوانیوە سەرکەوتنی سەربازیی یان چارەسەری سیاسیی بەدەستبهێنێت، ئەمەش وایکردوە وەک سەرکردەیەک سەیربکرێت کە کاریگەریی خۆی لەدەستداوە.

ڕۆژنامەکە جەختدەکاتەوە، هەر پێشکەوتنێک لەپەیوەندییەکانی ئەمریکاو ئێراندا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی ناوخۆی ئیسرائیل دەبێت.

لەکۆتاییدا دەڵێت، هەر ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتیی کە ئارامییەکی کاتی بهێنێتە ئاراوە، لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە وەک دەستکەوتێکی واشنتۆن دەبینرێت نەک تەلئەبیب، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە کۆمەڵگەی ئیسرائیلی چیتر لەدروشمەکان ماندوەو خوازیاری سەقامگیریی، سەرکردایەتییەکی بەرپرسیارو ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی مەدەنییە.