بۆچی نیشتمان گەیشتوەتە لوتکەی قەیران؟ خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی بەردەپشت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1136 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەچوارچێوەی گرنگیدان بەپەرەسەندنە سیاسیی‌و کۆمەڵایەتییەکانی باشوری کوردستان، خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی‌و سۆسیۆلۆژی بۆ کتێبی «بەردەپشت» لەنوسینی سەرکردەو ڕوداوخوازی سیاسیی سیامەند موعینی بڵاوکرایەوە، کە تێیدا تیشکدەخرێتەسەر قەیرانە قوڵەکانی کۆمەڵگەی کوردی هاوچەرخ.


کتێبەکە لەناونیشانەکەیەوە پێشەکییەکی مێتافۆری (خوازراو) پێشکەشدەکات؛ «بەردەپشت» ناوی تەختەبەردێکی ناسراوی ناوچەی قەزای پشدەرە لەنزیک چیاى قەندیل کە لەناو خەڵکدا وەک شوێنێکی سروشتی بۆ چاکبونەوەو کەمکردنەوەی ژانی پشت سەیر دەکرێت.



نوسەر لەبەرگی کتێبەکەیدا ڕونیدەکاتەوە، مەبەستی ئەو زیندوکردنەوەی خورافات نییە، بەڵکو بەکارهێنانی ئەم هێمایەیە بۆ دەستنیشانکردنی چارەسەر، «پشتبەستن بەخۆو بەبەهاکانی کۆمەڵگە، وەکو ئەو بەردەپشتە، ڕەنگە ئێش‌و ئازارەکانی کۆمەڵگە کەمبکاتەوە».

به‌گوێره‌ى ئەو خوێندنەوەیەی بۆ بەرهەمەکە کراوە، کتێبەکە بازدانێکی ڕەخنەیی بوێرانەیە بۆ ناو سۆسیۆلۆژیای سیاسیی (علم الاجتماع السیاسی) لەکوردستان، کە تێیدا نوسەر پەنجە دەخاتەسەر چەند خاڵێکی هەستیار. 

کتێبەکە بەتوندی سەرکۆنەی ئەو واقیعە دەکات کە تێیدا «خۆفرۆش‌و گەندەڵ» ڕێزیان لێدەگیرێت‌و دەکرێنە پاڵەوان، لەکاتێکدا «تێکۆشەرو فیداکارەکان» سزادەدرێن‌و دەخرێنە پەراوێزەوە.

نوسەر ئاماژە بەجۆرێک لەبێدەنگی‌و ڕاهاتنی کۆمەڵگە دەکات لەبەرامبەر هەڵەو نادادپەروەرییەکان، بەشێوەیەک کە وەک بێباکی‌و خەمساردییەکی گشتی دەردەکەوێت.



کتێبەکە دۆخی ئێستا وەک «ئەزمونی سەقەت‌و نامۆبون لەحەقیقەتی خۆبون» وەسفدەکات کە تێیدا مرۆڤی ڕاستگۆو بەرهەمهێنەر هەست بەغەریبی دەکات لەنیشتمانی خۆیدا.

کتێبی «بەردەپشت»ی سیامەند موعینی، لەلایەن چاودێرانی سیاسییەوە وەک زەنگێکی مەترسیدار بۆ داڕمانی بەها کۆمەڵایەتی‌و سیاسییەکان سەیردەکرێت، خوێندنەوەی ئەم کتێبە بانگەوازێکە بۆ گەڕانەوە بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکانی هێز لەناو خودی کۆمەڵگەداو نەهێشتنی پشتبەستن بەهێزە دەرەکییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە نێوخۆییەکان.

بەپەلە