شارپرێس:
ماڵپەڕی "نێتسیف"ی عیبری ئاشکرای کردووە کە ئێران لە پێناو نوێکردنەوەی هێزی ئاسمانیی خۆی، گرێبەستێکی لەگەڵ ڕووسیا واژۆ کردووە بۆ کڕینی چەند فڕۆکەیەکی جەنگی لە جۆری "سۆخۆی".
بەپێی زانیاریی سەرچاوە ڕووسییەکان، وەزارەتی بەرگریی ئێران لە 4ی حوزەیراندا گرێبەستێکی فەرمیی بۆ کڕینی پۆلێک فڕۆکەی جەنگی واژۆ کردووە کە پێکهاتووە لە 12 فڕۆکەی جۆری (Su-30SM2).
ئەم فڕۆکانە بەکارهاتوون بەڵام کاتژمێرێکی زۆر کەم فڕیون، ئەمەش وادەکات لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا و بە تێچوویەک کە 40% کەمترە لە فڕۆکەی نوێ ڕادەستی ئێران بکرێن، بە شێوەیەک کە پرۆسەی ڕادەستکردنیان لە ناوەڕاستی ساڵی 2027 دەستپێدەکات و تا کۆتایی هەمان ساڵ تەواو دەبێت.
ڕاپۆرتە عیبرییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هەنگاوە نیشانەی قووڵبوونەوەی زیاتری هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆیە، سەرڕای کەمیی ژمارەی فڕۆکەکان بەڵام ڕەهەندی ستراتیژی گرنگی هەیە، چونکە هێزی ئاسمانی ئێران لە ئێستادا پشت بە فڕۆکە کۆنەکانی سەردەمی جەنگی ڤێتنام دەبەستێت وەک (F-4, F-5, F-14)، لە کاتێکدا فڕۆکەی (Su-30SM2) فڕۆکەیەکی فرەرۆڵی نەوەی 4.5ە و توانای هێرشبەری مەودادور و شەڕی ئاسمانیی پێشکەوتووی هەیە.
ئەم گرێبەستە بریتییە لە درووستکردنی ژێرخانی تەکنیکی لەناو ئێراندا کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ وەرگرتنی فڕۆکەی زیاتری ڕووسی لە داهاتوودا وەک (Su-35).
لەبەرانبەردا، هەرچەندە ئیسرائیل خاوەنی باڵادەستیی تەکنەلۆژییە بەهۆی فڕۆکەکانی وەک (F35)، بەڵام ئەم هەنگاوەی ئێران ناچاری دەکات وەبەرهێنانی زیاتر لە سیستمی بەرگریی ئاسمانیدا بکات، بۆیە ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کڕینی پۆلی نوێ لە فڕۆکەکانی (F35) و (F15IA).
هەروەها ئەم مامەڵەیە دەری دەخات کە ڕووسیا ئامادەیە چەکی هێرشبەری پێشکەوتوو بداتە ئێران، کە ئەوەش مەودای مانۆڕی سیاسیی ئیسرائیل بەرانبەر کرملین بەرتەسک دەکاتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لەم دواییانەدا بومبی ئاسمان بە ئاسمانی ئێرانی لەسەر فڕۆکەکانی (Su-30)ی ڕووسی بینراون.