شارپرێس:
ئەمرۆ یەکشەممە، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد پارێزبەندیی یاسایی لە پەرلەمانتار (حەسەنین قاسم محەمەد خەفاجی) وەربگرێتەوە، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی لە دۆسیەیەکی گێچەڵکردن و سەرانەسەندن و بەکارهێنانی هەژموونی خۆی.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا/کەرخ، خەفاجی تۆمەتبارە بەوەی فشاری خستۆتە سەر وەبەرهێنەرێک بە ناوی (مستەفا فەعل مشەتەت) بۆ ئەوەی رێژەی 40%ی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "حەورای بەغدا" بە ناوی یەکێک لە کارمەندانی نووسینگەکەیەوە تۆمار بکات، هاوکات داوای بڕی 500 هەزار دۆلاریشی لێکردووە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە کە پەرلەمانتارەکە بەبێ سیفەتێکی فەرمی دەستوەردانی لە کاروباری دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کردووە؛ بە شێوەیەک بە درۆ بانگەشەی پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ دادوەرانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دەستەی دەسپاکی کردووە بۆ داخستنی دۆسیەیەکی پێشووی وەبەرهێنەرەکە.
دادگا جەختی کردۆتەوە کە تۆمەتەکان لە ڕێگەی تۆماری دەنگی و دانپێدانانی تۆمەتبارێکی دەستگیرکراوەوە سەلمێنراون، بۆیە داوای ڕەزامەندیی پەرلەمان دەکرێت بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی.