شارپرێس:
کێشمەکێشو شەڕی ڕاگەیاندنی دارایی لەلوتکەی دەسەڵاتی عێراقدا تەقیوەتەوە؛ دوای ئەوەی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە بەئاشکرا شۆکێکی گەورەی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند بۆ دابینکردنی موچەو پارە بۆ بازاڕهكان 25 ترلیۆن دینار چاپكراوه، بانکی ناوەندیی عێراقیش بهپهله هاتەدەنگو بەتوندی ئهو زانیاریانهى ڕهتكردهوهو دهڵێت، "چاپکردنی دراو بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان بەتەواوی قەدەغەیەو یاری بەم بابەتە مەکەن"، ئەم جیاوازییە گەورەیەش لەلێدوانی بەرپرساندا، ترسێکی زۆرى لای کڕیارو بازرگانان لەئەگەری داڕمانی بەهای دینارو گرانبونی نرخى شمهك لهبازاڕهكاندا دروستکردوە.
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەلێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچەو قەیرانی دارایی، پارهى كاش-ى دینار بەبڕی 25 ترلیۆن دینار زیادکراوەو چاپکراوە، هۆشداریشیدا کە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوامبێت، وڵات ڕوبەڕوی "کارەساتێکی دارایی گەورە" دەبێتەوە.
فۆئاد حوسێن ئهوهشى وت، "بەهۆی قەیرانی داراییەوە، پارهى كاش-ى دینار لە 100 ترلیۆنەوە بۆ 125 ترلیۆن بەرزکراوەتەوە (واتە 25 ترلیۆن دینار چاپکراوە)و هۆشداریدا لەکێشەی گەورە ئەگەر دۆخەکە بەردەوامبێت".
تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەو لێدوانە، بانکی ناوەندیی عێراق ڕونکردنەوەیەکی بەپەلەی دەرکردو ڕایگەیاندوه، "چاپکردنی دراو بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان بەتەواوی قەدەغەیە، داوادهكهین ڕێکارە ڕۆتینیو هونهرییهكانى گۆڕینی پارە تێکەڵ بەمجۆرە بابەتە هەستیارانە نەکرێت".
لاى خۆیشیهوه مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانى عێراق بەتوندی لێدوانهكهى وهزیرى دهرهوهى عێراقى ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، "هیچ پارەیەک چاپنەکراوەو "هەر زیادکردنێکی بڕی پارەی ناو بازاڕ، پێویستی بەوەیە کە حکومەت بەقەد ئەو بڕە، دۆلارو زێڕ وەک پشتگیرییو گەرەنتی لەبانکدا هەبێت بۆ ئەوەی پارەکە بەهای خۆی لەدەستنەدات".
ئەم لێدوانە دژبەیەکانە بازاڕی شڵەژاندوە؛ بازرگانان دەترسن چاپی بێبەرامبەری دراو بەهای دینار داببەزێنێتو نرخەکان گران بکات، پسپۆڕانی ئابوریش دەڵێن، کێشەکە دابەزینی بەهای دینار نییە، بەڵکو کەمیی کاتیی نەختینەیی دینارە لەگەنجینەکانی حکومەتدا بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوتەوە، کە کاریگەری کردوەتەسەر دواکەوتنی موچە.
ههروهك پسپۆڕان جهختدهكهنهوه، ئەگەر حکومەتێک بێبەرامبەرو بەبێ بونی دۆلار یان زێڕ تەنها ئامێری چاپکردن دابگیرسێنێتو ترلیۆنان دینار چاپ بكات، ئەو پارەیە تەنها دەبێتە "کاغەزێکی بێبەها"و بازاڕ پڕ دەبێت لەپارە، بەڵام چونکە هیچ سەروەتێکی ڕاستەقینە (وەک زێڕ یان دۆلاری نێودەوڵەتی) لەپشتی نییە، نرخی شتومەک بەشێوەیەکی زۆر بەرزدەبێتەوەو دینارەکە بهرهو مردنو لهناوچون دهچێت.