ویتكۆڤ‌و كۆشنه‌ر لەگەڵ 100 پسپۆڕی ئەتۆمی کۆدەبنەوەو تارانیش مەرجی قورسى هه‌یه‌

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 216 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دانوستانە نهێنییەکانی نێوان ئەمریکا‌و ئێران گەیشتونەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، لەکاتێکدا هۆشیارییەکی زۆر لەواشنتۆن هەیە بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی کاتی.


به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ، ستێڤ ویتکۆف نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ جارید کۆشنەری زاوای ترەمپ، گەشتێکی ڕانەگەیەندراویان بۆ تاقیگەی نیشتمانی "ئۆک ڕیج" لەویلایەتی تێنسی ئەنجامداوە، لەوێ لەگەڵ تیمێک کە لە 100 پسپۆڕی بواری پیتاندنی یۆرانیۆم‌و سێنتەرفیوج پێکهاتون کۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌ بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ جێبەجێکردنی بنەماکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەگەربێت‌و واژۆبکرێت.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ویتکۆف‌و کۆشنەر لەگەڵ دانوستانکارانی ئێران گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێکی فەرمی بەردەوام بۆ ماوەی 60 ڕۆژ، ئەم لێکتێگەیشتنە تەمسیلی درێژکردنەوەی ئاگربەست، دوبارە کردنەوەی گەروی هورمز، ڕێگەدان بەئێران بۆ فرۆشتنی نەوت‌و دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر سنوردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات لەداهاتودا.

سەرباری پێشکەوتنەکان، لایەنی ئێرانی لەدواساتدا مەرجی نوێی هێناوەتە پێشەوە کە بوەتە هۆی سستبونی پرۆسەکە، له‌وباره‌یه‌وه‌ کازم غەریب ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندوه‌، پێویستە دەستبەجێ دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە، 50%ى سەرجەم پارە بلۆككراوه‌كانى ئێران لەبانکەکاندا بخرێنەوە ژێر دەستی تاران.

سەرچاوە نزیکەکان لەتیمی دانوستانکاری ئێران جەختیانکردوەتەوە، تاران بەهیچ شێوەیەک ڕازی نییە بەگواستنەوەی کۆگا یۆرانیۆمە پیتێندراوەکانی بۆ وڵاتێکی سێیەم‌و دەیانەوێت مەلەفی ئەتۆمی بۆ قۆناغەکانی کۆتایی پاشەکەوت بکەن.