شارپرێس:
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردۆتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتادا و لە کاتژمێرەکانی یەکەمی ڕۆژی سێشەممەدا باوەڕی بە پێویستی وەڵامدانەوەی ئێران نەبووە لەبەرانبەر خستنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەدا.
بەپێی ڕۆژنامەکە، ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە گرنگی ڕووداوەکەی کەمکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە بابەتێکی گرنگ نییە، جەختیشی کردۆتەوە کە دوو فڕۆکەوانەکە تووشی پێکانی سەخت نەبوون.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ترەمپ دوای کۆبوونەوەیەکی زانیاریبەخشین لە کۆشکی سپی، هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە و ڕەزامەندیی لەسەر وەڵامدانەوەی سەربازیی دژی ئێران داوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا پێیت هیگسێس وەزیری بەرگریی و جەنەڕاڵ دان کین سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش، زانیاریی نوێکراوەیان لەسەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە جۆری "شاهید" پێشکەش کرد کە کاتی خۆی بەر هەلیکۆپتەرە ئەمریکییەکە کەوتووە.
بەپێی گوتەی بەرپرسان، ڕاسپاردەکانی هیگسێس و کین ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە پاڵنانی سەرۆک بەرەو بڕیاری دەستوەردان. ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ترەمپ ڕایگەیاند کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە زانیاریی پێدراوە کە ئێران هەلیکۆپتەرێکی ئەپاچی ئەمریکی لە کاتی دەوریەدا لەسەر گەرووی هورمز خستوۆە خوارەوە، و گوتی وڵاتەکەی وەڵامی ئەم هێرشە دەداتەوە.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە سۆشیاڵ میدیای "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، لەلایەن سوپاوە ئاگادارکراوەتەوە کە ئێرانییەکان شەوی ڕابردوو هەلیکۆپتەرێکی پێشکەوتووی ئەپاچییان خستووەتە خوارەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەردوو فڕۆکەوانەکە سەلامەتن.
هەروەها ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە سوپای ئەمریکا لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"یش لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە کە هێشتا لێکۆڵینەوە و گەڕان بەردەوامە بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ڕووداوەکە.