شارپرێس:
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندوە کە هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی پێشوو کە زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا لە کێڵگەکانی باشوورەوە، و پێشبینیش دەکات ئەمە لە ماوەی یەک تا دوو مانگدا بەدی بێت.
سەلیم فەرهود، وتەبێژی وەزارەتەکە، لەلێدوانێکی رۆژنامەوانییدا بە تۆڕی هەواڵی عێراقی (واع)ی راگەیاندووە: ناتوانرێت کاتێکی دیاریکراو بۆ گەڕانەوەی تەواوەتیی هەناردەکردن دابنرێت، چونکە سرووشتی کۆگا نەوتییەکان و توانای کێڵگەکان و بەرنامەی کۆمپانیا کاراکان جیاوازن، بەڵام پرۆسەکە زۆر ناخایەنێت.
دەشڵێت: لە ئێستادا، سەرنجی سەرەکیی وەزارەت لەسەر ئەو کێڵگانەیە کە غازی شل، چڕکراوەکان و غازی هاوپێچ بەرهەم دەهێنن، بە تایبەت ئەو غازەی دەچێت بۆ کۆمپانیای غازی بەسرە، چونکە ئەمە غازی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا و غازی ماڵان دابین دەکات، پاشان بە شێوەیەکی قۆناغ بەقۆناغ کار لەسەر کێڵگەکانی دیکە دەکرێت.
وتەبێژەکە ڕوونیشی کردۆتەوە کە زۆربەی کۆمپانیاکان، بە تایبەت کۆمپانیا چینییەکان، هێشتا لە شوێنەکانی خۆیانن و دەستیان بە بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان کردۆتەوە لەو کێڵگانەی پێشتر کەمکرابوونەوە، پرۆسەی هەناردەکردن و گەڕانەوەی تانکەرەکانیش هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێناندا بەڕێوەدەچن.