بڕیارێكی گرنگ له‌دیمه‌شقه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌رچوو

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 524 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراوو مێژوییدا، وەزارەتی پەروەردەی سوریا بەفەرمی دانی بەبڕوانامەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای كوردستان)دا نا، ئەم بڕیارەش دەبێتە هۆی کۆتایهێنان بەدەیان ساڵ لەدابڕانی پەروەردەیی‌و ڕێگە بەهەزاران خوێندکاری ڕۆژئاوا دەدات کە بەشێوەیەکی فەرمیی بەشداریی لەتاقیکردنەوە گشتییەکانی دەوڵەتدا بکەن.


چاودێران ڕایده‌گه‌یه‌نن، ئەم ڕێککەوتنە تەنها یەکخستنی کارگێڕی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ڕیشەیییە لەناسنامەی پەروەردەیی ناوچەکەدا، چونكه‌ بۆ یەکەمجار، زمانی کوردی لەناوەندەکانی خوێندنی فەرمی سوریادا وەک زمانێکی نیشتمانی دانی پێدانراو پرۆسەیەکی بەرفراوانیش دەستیپێکردوە بۆ تێکەڵکردنی 38 هەزار مامۆستای سەر بەبەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ ناو میلاکی فەرمی‌و سیستەمی موچەی حکومەتی سوریا، ئەم بڕیارەش دەرگای زانکۆ فەرمییەکان‌و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەڕوی ئەو خوێندکارانەدا دەکاتەوە کە ساڵانێک بوو لەژێر مەترسی فەوتانی داهاتویاندا بون.

ئەم ڕێککەوتنە پەروەردەیییە لەلایەن چاودێرانی سیاسییەوە وەک "نەخشەی ڕێگه‌" یان تاقیکردنەوەیەکی گرنگ دەبینرێت کە دەکرێت لەداهاتودا بۆ کەرتی تەندروستی، شارەوانییەکان‌و دۆسیە ئەمنییەکانیش پەیڕەو بکرێت.

خوێندکاران‌و خێزانەکانیان لەڕۆژئاوای کوردستان ئەم هەنگاوە بەسەرکەوتنێکی گەورە دەزانن کە دوای ساڵانێک لەنادڵنیایی، دڵنیایی بەپڕۆسەی خوێندنی منداڵەکانیان دەبەخشێت.

بەپەلە