کاریگەرییەکانی کارپێکردنی بەردەوامی سپلیت چین؟

هەمەڕەنگ

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 383 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندازیار ئەندرێ نۆڤیکۆڤ، پسپۆڕی چاککردنەوەی سپلیت و فێنککەرەوەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتنەوەی ئامێری فێنککەرەوە بە بەردەوامی، کاراییەکەی کەمدەکاتەوە و تەمەنی کارکردنی کورت دەکات.

ناوبراو دەڵێت کارپێکردنی ئامێرە نوێیەکان بۆ ماوەی کورت بەبێ چاودێریی کێشە نییە، بەڵام جێهێشتنیان بۆ چەندین کاتژمێر یان ڕۆژ بەبێ پێویستی، پەستانی زۆر دەخاتە سەر کۆمپرێسەرەکە و زوو تێکی دەدات.
هەروەها دیاریکردنی پلەی گەرمی نادرووست بە کێشە دادەنێت؛ زۆر کەس بۆ ساردکردنەوەی خێرا پلەی گەرمی دەخەنە سەر 16-18، بەڵام ئەمە پرۆسەکە خێرا ناکات، بەڵکو تەنها وای لێدەکات بەبێ وەستان کاربکات.
جەختیشی کردۆتەوە کە پلەی گەرمی گونجاو پێویستە 5-7 پلە لە ژینگەی دەرەوە نزمتر بێت بۆ پاراستنی ئامێرەکە و تەندرووستیی مرۆڤ.
نۆڤیکۆڤ جەخت لە پاککردنەوەی فلتەرەکان دەکاتەوە، چونکە کۆبوونەوەی تۆز و خۆڵ و وردە موو ڕێگری لە هاتووچۆی هەوا دەکات و بەکاربردنی کارەبا زیاد دەکات.
باسی لەوەشکردووە کە پێویستە مانگی جارێک فلتەرەکان پاکبکرێنەوە، هەروەها ساڵانە پێش دەستپێکردنی وەرزی گەرمای هاوین، سیانەی گشتیی بۆ ئامێرەکە بکرێت.
هەروەک دەڵێت: نیشانەکانی پێویستی ئامێرەکە بە چاککردنەوەش بریتین لە: بۆنی ناخۆش، کەمبوونەوەی توانای ساردکردنەوە، دەنگی نائاسایی و دروستبوونی شێ لە ژوورەکەدا.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی