شارپرێس:
نوسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەرجەم ئەو دەنگۆیانە
رەتدەکاتەوە کە باس لە هەبونی ناوی لە لیستی گەندەڵکاران و دەرچونی فەرمانی
دەستگیرکردنی دەکەن و دەڵێت،" سکاڵای یاسایی لەدژی ئەو دەزگا میدیاییانە تۆمار
دەکەن کە ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە ".
نوسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی پێشوی
عێراق لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لە دوای هەوڵ و هەنگاوە بەردەوامەکانی حکومەتی
عێراق بۆ بەگژداچونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیکردن
بۆ سەر ماڵ و سامانی گشتی، نوسینگەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەستخۆشی و پشتیوانی
تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەردەبڕێت
لە پێناو بنبڕکردنی گەندەڵی و بەدیهێنانی دادپەروەری".
ئەوەشیخستەڕوو،" بەڵام بەداخەوە، لەماوەی ڕابردودا
هەندێک کەناڵ، میدیا، پەیجی فەرمی و مۆڵەتپێدراو، جگە لەپەیجەکانی سێبەر، هەواڵ و
بابەتێکی بێبنەماو نادروستیان سەبارەت بەخاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بڵاوکردوەتەوە".
نوسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت، "بۆ هەموو
لایەکی ڕوندەکەینەوە کە ئەو هەواڵ و بابەتانە تەنها درۆو بوختانن و هەوڵێکی بەردەوامن
بۆ لێدان لەپێگەی سیاسيی و کۆمەڵایەتی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدو هیچ بنەمایەکی ڕاستیان
نییە".
لەڕونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتوە،" لێرەوە ئاگاداری هەموو
ئەو کەناڵ، میدیا، پەیجە فەرمی و ئەکاونتە سێبەرانە دەکەینەوە لەکاتی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە بێبنەماو تۆمەتانەدا،
ڕاستەوخۆ لەڕێگەی پارێزەری تایبەتی خاتوو شانازەوە ڕێکاری یاسایی دەگیرێتەبەرو
سکاڵای یاسایی لەدژیان تۆماردەکرێت و ڕوبەڕوی
سزای یاسایی دەکرێنەوە".
