گۆڕانكاریى له‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران‌و موچه‌خۆراندا ده‌كرێت

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8967 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی عێراق بەفەرمی کار لەسەر هەموارکردنەوەو گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەخشتەی موچەی فەرمانبەراندا دەکات، توێژه‌رێكى ئابوریش ڕونیده‌كاته‌وه‌، "ئەو گۆڕانکارییە بەواتای زیادکردنی پارە بۆ هەموو فەرمانبەرێک نایەت"، بریكارى وه‌زاره‌تى پلاندانانیش ده‌ڵێت، "دوو بیرۆكه‌و پڕۆژه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌به‌رده‌ستدان".


هەنا‌‌و ئەسەدی سەرۆکی لیژنەکەو بریکاری وەزارەتی پلاندانانى عێراق به‌ڕۆژنامەی سه‌باح-ى فەرمی وتوه‌، "بڕیارە موچەی بنەڕەتیی پلە نزمەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادبکرێن تا لەکاتی خانەنشینبوندا موچەیەکی شایستە وەربگرن، بۆ دروستکردنی هاوسەنگی‌و دابینکردنی پارەی پێویست بۆ بودجە، دەرماڵەی ئەو وەزارەت‌و شوێنانەی کە موچەی خەیاڵییان هەیە کەمدەکرێتەوە".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ئامانجی سەرەکی ئەوەیە دوو فەرمانبەر کە هەمان بڕوانامەو ساڵانی خزمەتیان هەیە، موچەکانیان هاوتا یان زۆر نزیک بێت لەیەکەوە، نەک وەک ئێستا فەرمانبەری وەزارەتێک سێ ئەوەندەی وەزارەتێکی دیكه‌ موچە وەربگرێت ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ هه‌موو سلكه‌ سه‌ربازیى‌و ئه‌منیى‌و شارستانیه‌كان ده‌گرێته‌وه‌".

باسى له‌وه‌شكرد، "لەڕێگەی پڕۆژەی "ژمارەی فەرمانبەریی یەکگرتوو" (الرقم الوڤیفی) کە ئێستا 70٪ی کارەکانی تەواوبوە، ناوی سەرجەم موچەخۆران یەکدەخرێت بۆ دۆزینەوەو بڕینی موچەی ئەوکەسانەی بەنایاسایی زیاتر لەموچەیەک وەردەگرن".

به‌وته‌ى ئه‌سه‌دى، "پڕۆژەکە قۆناغی زۆر پێشکەوتوی بڕیوەو لایەنە فەرمییەکان‌و سەرۆکایەتییەکانیش زانیارییەکانیان ڕادەستی لیژنەکە کردوەو بڕیارە لەکۆبونەوەیەکی زۆر نزیکدا سیناریۆو پێشنیازەکان یەکلایی بکرێنەوە بۆ ئەوەی ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بەمەبەستی هەموارکردنەوەی هەندێک یاسای تایبەت بەخزمەتی فەرمانبەران".

لەلایەکی دیكه‌وه‌ عەلی عەبدولکازم دەعدوش توێژەری ئابوریی ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "یەکخستنی خشتەی موچە بەواتای زیادکردنی دارایی بۆ هەموو کەسێک نایەت، بەڵکو بۆ نەهێشتنی شێواوییەکان‌و بەدیهێنانی دادپەروەریی فەرمانبەرییە، بەجۆرێک ئەو فەرمانبەرانەی کارێکی هاوشێوە دەکەن، موچەکانیان لێکنزیک بێت بەڕەچاوکردنی بڕوانامە، ئەزمون، جۆری کارو بەرپرسیارێتی".

جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌، "کۆمپانیاکانی دابینکردنی دارایی خۆیی‌و کۆمپانیا زیانمەندەکان پێویستیان بەچارەسەرێکی جیاواز هەیە، چونکە کۆمپانیا قازانجبەشەکان دەکرێت هاندەرەکانیان ببەسرێتەوە بەبەرهەم‌و کارکردنەوە، لەکاتێکدا دروست نییە ئیمتیازاتی کۆمپانیا زیانمەندەکان بەردەوامبێت بەبێ ڕێکخستنەوەی پێکهاتەکەیان".

به‌وته‌ى، دەعدوش، "هەر هەموارکردنەوەیەک دەبێت لەگەڵ توانای بودجەی گشتیدا بگونجێت، چاکسازیی دارایی ئەو شتەیە کە دادپەروەری بەدیدەهێنێت بەبێئەوەی کورتهێنان یان فشاری گرانیی بازاڕ دروستبکات، یەکلاکردنەوەی دۆسیەی دوو موچەییەکان لەڕێگەی ژمارەی فەرمانبەریی یەکگرتوەوە، هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی چاکسازییەکان".

بەپەلە