شارپرێس:
پەرلەمانی عەرەبی، لەدەنگدانێکی گشتیدا لەبارەگای کۆمکاری عەرەبی لەشاری قاهیرە، ئەندامی حەنان فەتلاوی پەرلەمانی عێراق وەک چوارەمین جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی هەڵبژارد، بهمهش فەتلاوی دهبێته یەکەم ژنە لەدوای دامەزراندنی پەرلەمانی عەرەبی لەساڵی 2012وه بگاتە ئەم پێگە باڵایە.
لاى خۆیشیهوه فەتلاوی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک نوسیویهتى، بەدەنگی زۆرینەی ئەندامان وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردراوەو ئاماژەی بەوەشداوه، ئەمە یەکەمجارە لەماوەی زیاتر لە10 ساڵی ڕابردودا ژنێک ئەم پۆستە وەربگرێت.
فهتلاوى سوپاسی متمانەی پەرلەمانتارانی عەرەب، پشتگیریی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقو هاوکارەکانی کردوهو هیوایخواستوه بتوانێت نوێنەرایەتییەکی شایستەی وڵاتەکەی بکات لەپێناو خزمەتکردنی گەلاندا.
بهگوێرهى بەیاننامەی فەرمیی پەرلەمانی عێراق، "سەرکەوتنی حەنان فەتلاوی دوای کارکردنێکی بەردەوامو دەرکەوتنی شایستەیی دێت لەکایەی یاسادانانو پەرلەمانتاریدا لەماوەی دوو خولی یەک لەدوای یەک لەپەرلەمانی عەرەبیدا".
بەیاننامەکە جەختیکردوهتهوه، "بەدەستهێنانی متمانەی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی عەرەبی، ڕەنگدانەوەی پێگەی بەهێزی عێراقە لەناوەندە عەرەبیو نێودەوڵەتییەکانداو نیشانەی ڕێزلێنانە لەهەوڵەکانی فەتلاوی بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەشی پەرلەمانی".
حەنان فەتلاوی، لەساڵی 1968 لەپارێزگای بابل لەدایکبوە، یەکێکە لەدیارترین ژنهكانى بواری یاسادانان لەعێراقدا، ژیانی پەرلەمانتاریی خۆی لەساڵی 2005 لەکۆڕبەندی نیشتمانیی کاتی دەستپێکرد، کە ئەرکی داڕشتنەوەی دەستوری نوێی عێراقی لەئەستۆ بوو، لەوکاتەدا سەرۆکایەتیی لیژنەی کاروباری هەرێمو پارێزگاکانی دەکرد.
فەتلاوی لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2014دا بوە یهكهمى ههڵبژاردن دوای ئەوەی توانیی ژمارەی پێوانەیی بشکێنێتو زیاتر لە 90 هەزار دەنگی دەنگدەرانی زێدی خۆی لەبابل بەدەستبهێنێت، ئەو بەو ڕێژە زۆرەی دەنگەکان، پێش سەرکردە پیاوەکانی قەوارە سیاسییەکان کەوتو بوە خاوەنی زۆرترین دەنگی ژن لەمێژوی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، لەسەر ئاستی حزبی، ناوبراو لەساڵی 2015دا "بزوتنەوەی ئیرادە"ی دامەزراندو وەک یەکەم ژن سەرۆکایەتیی حزبێکی کرد کە نوێنەری لەناو پەرلەماندا هەبێت، لەئێستاشدا وەک سەرکردەیەکی دیار لەناو هاوپەیمانیی پەرلەمانیی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان کاردەکات.
