هۆشداری لەدواکەوتنی موچە دەدرێت

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1282 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست رایدەگەیەنێت، بەهۆی نەناردنی داهاتی ناوخۆ لەلایەن هەرێمەوە بۆ بەغدا، ئەگەر هەیە گرفت بۆ خەرجکردنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست درۆست بێت کە موچەکەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، دەشڵێت،" بێ دەنگ و بێ هەڵوێست نابین و هەموو ڕێکارێکی یاسایی و مەدەنی دەگرینەبەر ".

كاروخ گوڵاوی، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست، لەبەیاننامەیەكدا كەتایبەت بۆ شارپرێس نێردراوە، ڕایگەیاند، لای هەموان ڕونە وەزارەتی دارایی عێراق بەڕونی و ڕاشکاوانە دەڵێت 120 ملیاری داهاتی ناوخۆ بنێرە موچەی تەواو دەنێرم، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێم دەڵێت داهاتی ناوخۆمان سفرە ناتوانین بینێرین.!

لەدرێژەی بەیاننامەكەدا دەشڵێت، وەزارەتی دارایی عێراق هەفتەیەک مۆڵەتی داوە بۆ حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی بڕی داهاتی ناوخۆ گەرنا موچەی هەرێم بەمەقاسە دەنێرێت، بەمەش دەبێتە گرفتێکی سەرەکی لەبەردەم موچەی ئەم مامۆستاو فەرمانبەرانەی موچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە ، یان موچەیان زۆر دوادەکەوێت یان مەترسی دابەشنەکردنی هەیە!.

جەختیش كراوەتەوە، كەداواکارن لەسەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم چارەسەری بنەڕەتی بکرێت چیتر بێ خەمنەبن لەئاست قوت و ژیانی مامۆستایانی گرێبەست  و دەڵێت، چارەسەر ئەوەیە ( حکومەتی هەرێم و دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەدیاریکراوی وەزارەتی دارایی هەرێم بەنوسراوی فەڕمی و ناو و زانیاری و داتای مامۆستایانی گرێبەست بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق داوای دابینکردنی بودجەو جێگیرکردنیان لەبوجەی عێراق بکات بەشێوەی هەمیشەیی، یاخود موچەی پێویستی مانگانە بۆ ئەم چینە بنێرێت لەلایان بەغداوە لەبەرامبەر ناردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم  ).

نوێنەرەكەی مامۆستایانی گرێبەست ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، لای هەموان ڕون و ئاشکرایە کەداهاتی ناوخۆی هەرێم ناگەڕێتەوەو نایگەڕێنەوە بۆ بانق و خەزێنەی دارایی حکومەت ، بەڵکو بەهۆی ململانێی سیاسی و پێکنەهێنانی حکومەت دەست گیراوە بەسەر داهاتی ناوخۆ لەلایان دوو حیزبی دەسەڵاتدار پارەو سامانی و داهاتی سنور و داهاتی نەوت و داهاتی پڕۆژەی ڕوناکی و ئاو کارەبا باج و زەڕیبە داهاتی خاڵە سنورییەکان و داهاتی هاتوچۆ دەخرێتە ژێرزەمینەکانی حزب.

هاوكان لەبەیاننامەكەدا هۆشداری دەدەنە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە وەزارەتی دارایی لەهەمبەر دەست بەسەرداگرتنی موچەکانیان  و ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، وەك مامۆستایانی گرێبەست بێ دەنگ و بێ هەڵوێستن نابن چ لەبەغدا چ لەهەرێم هەموو ڕێکارێکی یاسایی و مەدەنی دەگرنەبەر.

لەبەرامبەردا، كاروخ گوڵاوی، داوا لەوەزیری پەروەردە دەکكات بێ دەنگی بشکێنێت داکۆکی جدی بکات لەئاست مافی مامۆستایانی گرێبەست لەدامەزراندن، لەپێدانی زەوی ، لەپێدانی موچەکانیان لەکاتی خۆیدا ، لەمافەکانی تر وەک ( نقڵ ) گواستنەوەی مامۆستایان لەنێوان پەروەردەکاندا.

لەكۆتایی بەیاننامەكادا، نوێنەرەكەی مامۆستایانی گرێبەست بەهەمان شێوە داوا لەسەرجەم مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو فەرمانبەرانی گرێبەست دەکات چیتر بئ دەنگ و بێ هەڵوێست نەبن لەبەرامبەر ماف و موچەکانتان ، داوای پشتگیر دەکەن بۆ کاتی پێویست .